عێراقکوردستانگرنگترین

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی راوێژکاری سوودانی لەگەڵ یانەکانی کوردستان

یاریگا –

یانە کوردستانییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەگەڵ راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و داوایان کرد هاوشێوەی یانەکانی دیکەی عێراق شایستە داراییەکانیان پێبدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە نوێنەری یانەکانی کوردستان کە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشدارن، هاوشانی گۆڤەند عەبدولخاڵق ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ خالید کبیان راوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، یانەکانی کوردستان داوا دەکەن هاوشێوەی یانەکانی دیکەی عێراق لە پاڵپشتییە داراییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بێبەش نەکرێن.

ئالا دێدەوان، ئەمینداریی دارایی یانەی هەولێر کە وەکو نوێنەری یانەکەی بەشداریی ئەو کۆبوونەوەی کرد، لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی :’ئێمە داوامان کرد وەکچۆن لە سەرجەم یاساکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەکو یانەکانی دیکە یاساکانمان بەسەردا دەسەپێنرێت، لە شایستە داراییەکانیش بە هەمان شێوە بەیەک چاو سەیری یانەکان بکرێت، داوامان کرد وەکو یانەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە پاڵپشتییە داراییەکانی عێراق بێبەش نەکرێین’.

نوێنەرەکەی یانەی هەولێر لەو کۆبوونەوەیە گوتیشی :’راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر راسپاردەی خودی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئێمە کۆبووەوە، پشتگیری خۆی بۆ داواکاریی و مافەکانی ئێمە دووپاتکردەوە و بەڵێنیشی دا داواکارییەکانمان بگەیەنێتە سەرۆکوەزیران’.

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەر یانەیەکی بەشداربوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق چوار ملیار دینار وەکو پشتگیری و کۆمەکی دارایی پێدەدرێت، بەڵام چوار یانەکەی کوردستان (هەولێر، دهۆک، زاخۆ، نەورۆز) لەو بڕیارە بێبەش کراون.

 

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button