ئه‌ڵمانیا

هۆکاری نائارامی ژووری جلگۆڕینی بایرن میونشن چییە؟

یاریگا –

یەکێک لە هۆکارەکانی نائارامییەکانی ژووری جلگۆڕینی بایرن میونشن، کاتلین کرۆگەر، بەڕێوەبەری ئەم یانەیەیە.

لەم ماوەیەدا بایرن میونشن، یەکێک لە خراپترین بارودۆخەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا تێدەپەڕێنێت. ئەوان لە جامی ئەڵمانیا کشانەوە و بە جیاوازی 8 خاڵیش لە لوتکەی رێزبەندی بۆندسلیگا دوورن، هەروەها بەهۆی ئاستە درەوشاوەکەی بایەر لیڤەرکوزن، چانسی یەکسان کردنەوەی خاڵەکانیان کەمە، لەلایەکیتریشەوە، لە یاری چوونی قۆناغی ١٦ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لازیۆ شکستیان خوارد.

لەدوای ئەم ئەنجامانە، میدیاکان و هەروەها هەوادارانیش تۆماس توخێل بە تاوانباری سەرەکی ئەم دۆخە دەزانن. بەڵام فیلیپ کیسلەر و مانوێل بۆنکە، دوو رۆژنامەنووسی نزیک لە بایرن، لە راپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە یەکێک لە هۆکارەکانی خراپی بارودۆخی یانەکە و نەبوونی کەشێکی ئارام لە بایرن، کاتلین کرۆگەرە.

کاتلین کە یاریزانی پێشووی تیمی ئافرەتانی بایرن میونشن بووە و ئێستا وەکوو بەڕێوبەری تیپی پیاوان کاردەکات، سەردەمانێک لە یانەکە خۆشەویست بوو، ئێستاش بارودۆخەکە تەواو گۆڕاوە و لەگەڵ یاریزانان و ستافەکان لە دۆخێکی سەختدایە.

لە بایرن پێیان وایە کرۆگەر یاریزانان و ستافی تەکنیکی، بۆئەنجامە خراپەکان تاوانبار دەکات و بە تۆنێکی بەرز و قسەی نەشیاو بەرامبەر بە کارمەندان و یاریزانان قسە دەکات.
هەروەها دەگوترێت هەڵسوکەوتی خراپی کرۆگەر هۆکارێک بووە تاوەکوو باستیان وێرنشاید ستافی کاتلین جێبهێڵێت و پەیوەندی بە تیپی بەڕێوبەری کریستۆف فرۆندەوە بکات.

یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی هەڵسوکەوتە خراپەکانی کرۆگەر ئەوەبووە کە وەرزی رابردوو بایرن مینشن لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر میونشن گلادباخ یاریی هەبوو، لیرۆی سانێ لە پاسی تیپەکە دوادەکەوێت هەربۆیە ناچار دەبێت بە تەنیا گەشت بکات، چونکە دیارە کرۆگەر بەرگەی دواکەوتنەکەی نەگرتووە و داوای لە شۆفێری پاسەکە کردووە چیتر چاوەڕێی ئەم یاریزانە نەکات و بەڕێ بکەوێت!

 

بابەتی زیاتر

Back to top button