ئیسپانیاگرنگترین

لاپۆرتا لەبارەی دوورخستنەوەی چاڤی بڕیاری کۆتایی خۆی دا

یاریگا –

لاپۆرتا لەبارەی چارەنووسی چاڤی بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و هەر ئەگەر رووبدات بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی نادات.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، سەرەڕای ئەوەی دوای یەکسانبوونی بارسێلۆنا لە دوایین یاریی بەرامبەر گرانادا، فشارەکان لەسەر خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا زۆرتر بوون، بۆ ئەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەکە بدات، بەڵام لاپۆرتا ناچێتە ژێر ئەو فشارانە.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاشکرایکردووە، خوان لاپۆرتا خۆی یەکلاکردووەتەوە، لە یاریی سێلتاڤیگۆ و ناپۆلی هەر ئەنجامێک رووبدات، بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی نادات، بە تەواوەتی پاڵپشتی راهێنەرەکە دەکات، لەکاتێکدا چاڤی بڕیاریداوە کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی یانە کەتەلۆنییەکە بهێنێتەوە.

ئەمشەو بارسێلۆنا لە گەڕی بیست و پێنجەمی لالیگا دەبێتە میوانی سێلتاڤیگۆ، رۆژی چوارشەممەش لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دەبێتە میوانی ناپۆلی، لە میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە لاپۆرتا بڕیاریداوە دوای یەکێک لەو دوو یارییە بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی بدات، ئەگەر ئەنجامەکانی باش نەبن.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە، ئەگەر لەو دوو یارییە هەر ئەنجامێکی گەورە و کارەسات رووبدات، لاپۆرتا بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی نادات، بەڵکو لەوانەیە راهێنەرە ئیسپانییەکە ناچار بکات خۆی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی پێش بخات و یەکسەر واز لە راهێنەرایەتی بلاوگرانا بهێنێت.

بارسێلۆنا لەم وەرزەی لالیگا 10 خاڵ لەدواوەی ریال مەدریدی پێشەنگ دێت و بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ لە پلەی سێیەمی خولەکە دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button