ئاسیاعێراقکوردستان

تایبەت بە یاریگا: برای یوسف ئەمین بانگهێشتی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق کرا

یاریگا –

ئاریان ئەمین برای یوسف ئەمین یاریزانی لاوی یانەی ڤیکتۆریا کۆڵنی ئەڵمانی بانگهێشتی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق کرا.

وەلید فایەق باوکی ئاریان ئەمین لە لێدوانێکی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’دوێنێ حەیدەر جەبار یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لەسەر داوای عیماد محەمەدی راهێنەر بە ئەیمەیلی فەرمی داوای ئاریانی کردووە و رەزامەندیی یانەی ڤیکتۆریا کۆڵنی وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئاریان بۆ جامی رۆژئاوای ئاسیا پەیوەندی بە هەڵبژاردەی لاوانی عێراقەوە بکات’.

ئاریان ئەمین (17 ساڵ) برای یوسف ئەمینە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بەشداریی جامی ئاسیای کرد، ئاریان 1ـی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی 2006 لەدایکبووە، لە باڵی راست یاریی دەکات و لەم وەرزە لە بۆندزلیگای خوار 19 ساڵان لە کۆمەڵەی رۆژئاوا 214 خولەک یاریی کردووە و گۆڵێک و ئەسیستێکی کردووە.

جگە لە ئاریان ئەمین، عیماد محەمەد بانگهێشتی بۆتان ئەمین یاریزانێکی دیکەی لاوی کوردی کردووە، بۆتان کە لە لاوانی یانەی سویندن تاونی ئینگلیزی یاریی دەکات و سەرنجی یانەکانی مانچێستەر یونایتد و ئاستۆن ڤیلای راکێشاوە، بۆ جامی رۆژئاوای ئاسیا هاوشانی ئاریان ئەمین بانگهێشتی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق کراوە.

دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا بە هەڵبژاردەی لاوان بەشداریی جامی رۆژئاوای ئاسیای خوار 23 ساڵان بکات، عیماد محەمەد خەریکە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی دەستنیشان بکات کە مانگی داهاتوو لە سعوودیە بەڕێوە دەچێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button