ئاسیاجامی ئاسیا 2023

رووداوێکی سەیری جامی ئاسیا ئاشکرا دەبێت؛ هۆکاری پێکانەکەی سۆن هیونگ مین روون بووەوە

دەمەقاڵی لە نێوان یاریزانانی کۆریا درووست بووە...

یاریگا –

سۆن هیۆنگ مین، ئەستێرەی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور، بەر لە رووبەڕوو بوونەوەی هەڵبژاردەی ئوردن، لەگەڵ هاوتیمیەکانی دەمەقاڵیان لە نێواندا درووست بوو.

کۆریای باشوور لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بە ئەنجامی 2-0 شکستی خوارد و لەلایەن هەڵبژاردەی ئوردن کرایە دەرەوە.

یەکێک لەو خاڵانەی کە لە یارییەکە سەرنجی زۆری لەسەر بوو، بەسترانەوەی پەنجەکانی سۆن بوو کە هۆکاری پێکانەکەی لەوکاتەدا ئاشکرا نەکرا، بەڵام ئێستا رۆژنامەی سەن، هۆکاری ئەم رووداوەی روون کردووەتەوە و دەڵێت:

لە کەمپی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لە کاتی نانخواردندا، سۆن لە یاریزانە لاوەکانی هەڵبژاردەکەی، کە لە نێویاندا کانگ لی ئینیش ئامادە بوو، زووتر ژەمی ئێوارەیان خواردووە و مێزەکانیان بەجێهێشتووە تاوەکوو بچن یاری تێنسی سەر مێز بکەن، تووڕە بووە.

دواتر یەکێک لەو یاریزانانەی ئاگادار کردووەتەوە تاوەکوو بەڕێزەوە رەفتار بکات و جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر مێزەکە، لە کاتێکدا سۆن هەوڵیدا بە کردارێکی زارەکی بیانوەستێنێت، یاریزانەکان گوێیان لێ نەگرت و تەنانەت لی کانگ ئین لەگەڵ سۆن هیونگ مین تووشی شەڕ بوو، ویستی بۆکسێک لە دەموچاوی کاپتنی کۆریا بدات، بەڵام سون بە دەستی رێگری لەم لێدانە کرد و بەو هۆیەوە پەنجەی شکا.

ئەم رووداوە مشتومڕێکی زۆری لە کۆریا دروست کردووە و زۆر کەس پێیان وایە یۆرگن کلینسمان توانای بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی یاریزانانی تیپەکەی بە شێوەیەکی دروست نییە و ئەم رووداوەش یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی ئەم بابەتە.

هەڵبژاردەی کۆریا لە جام نەتەوەکانی ئاسیا ئاستێکی بەرچاوی پێشکەش نەکرد و ئەستێرەکەی تۆتنهامیش لە کۆی 11 گۆڵی هەڵبژاردەکەی لەم پاڵەوانەوتییەدا توانی سێ لە گۆڵەکان تۆمار بکات کە دوو لە گۆڵەکانی بە شێوەی لێدانی سزا بووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button