سەدان هاندەری نەورۆز بۆ هاندانی یانەکەیان لە دێربی کوردستان گەیشتنە هەولێر
یاریگا –
سەدان هاندەری نەورۆز بۆ هاندانی یانەکەیان لە یاریی دێربی کوردستان گەیشتنە هەولێر و لەلایەن هاندەرانی قەڵاومنارەوە پێشوازییان لێکرا.
55 پاسی هاندەرانی نەورۆز پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەکو ئاپۆڕایەک لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لە یارییەکەی ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هانی یانەکەیان بدەن، کە وابڕیارە کاتژمێر 16:30 هەولێر لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە گەڕی سێزدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداریی هەولێر بکات.
سەدان هاندەری یانەی هەولێر لە دەروازەی هەولێری پایتەخت لە چاوەڕوانی گەیشتنی هاندەرانی نەورۆز وەستابوون، بە شیرینی و دەهۆڵ و زوڕناوە پێشوازییان لە هاندەرەکان دەکرد، هاندەرانی یانەکەی قەڵاومنارە لەسەر بانەرێکی گەورە نووسیویانە :’هەولێر ماری خۆتانە، بفەرموون لۆ مارە گەورەکە’.
چەند رۆژێکە دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین هاندەری یانەکەیان بەخۆڕایی بگوازنەوە هەولێر، تاوەکو لەناو یاریگا هانی یانەکەی سلێمانی بدەن، زیاتر لە هەزار و 500 هاندەری نەورۆز ئەمڕۆ لە یاریی دێربی کوردستان لەناو یاریگا ئامادە دەبن.
لەم وەرزەی خولی ئەستیرەکانی عێراق، هەولێر بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی هەژدەم دێت و تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێناوە، نەورۆزیش لەم وەرزە پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پلەی شەشەمی خولەکە دێت.