ئیسپانیاگرنگترین

داوا دەکرێت بە زووترین کات دووربخرێتەوە؛ یاریی سێلتاڤیگۆ بۆ چاڤی دەبێتە دوایین دەرفەت

یاریگا –

دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ گرانادا چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی داوای دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەکەیان دەکەن.

رادیۆ مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دوای یارییەکەی دوێنێ شەو کاتێک بارسێلۆنا لە یاریگای خۆی لە لالیگا 3-3 لەگەڵ گرانادا یەکسان بوون، چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا داوایان لە خوان لاپۆرتا کردبوو یەکسەر بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز بدات.

لەو کۆبوونەوە بەپەلەیەی دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا کردبوویان، چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی پێشنیازی ئەوەیان کردبوو یەکسەر چاڤی لە راهێنەرایەتی یانەکە دووربخرێتەوە، بەڵام خوان لاپۆرتا رەزامەندیی نەدابوو، دواتر خۆی بە تەنیا لەگەڵ چاڤی کۆبووەوە و گفتوگۆیان کردبوو.

بەشێک لە میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە، ئەگەر چاڤی لە یاریی داهاتوو بەرامبەر سێلتاڤیگۆ ئەنجامی باش نەبێت، ئەو یارییە دەبێتە دوایین یاری وەکو راهێنەری بارسێلۆنا بمێنێتەوە و لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە.

ئەمڕۆ کاتێک چاڤی هێرناندێز گەیشتە راهێنانەکانی بارسێلۆنا، هاندەران هاواریان دەکرد ‘چاڤی دەمێنێتەوە’.

رۆژی شەممە لە گەڕی بیست و پێنجەمی لالیگا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی سێلتاڤیگۆ، دواتر رۆژی چوارشەممە لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دەبێتە میوانی ناپۆلی ئیتاڵی.

بابەتی زیاتر

Back to top button