عێراقگرنگترین

کات و رۆژی یارییەکانی چوار گەڕی داهاتووی یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق

یاریگا –

رۆژی شەممە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە و کات و رۆژی چوار گەڕی داهاتووی خولەکە بڵاوکرانەوە، یانەکانی هەولێر و دهۆک و زاخۆ و نەورۆز ئەرکیان بەراورد بە یەکتری لەو چوار یارییەی داهاتوو هاوسەنگە.

یانەکانی کوردستان لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان گۆڕانکارییان لە تیپەکانیان کردووە و خۆیان بۆ یارییەکانی داهاتوو ئامادە کردووە، کە تاوەکو ئێستا 12 گەڕ لە خولەکە بەڕێوەچوون.

هەولێر بە راهێنەرێکی نوێوە بەشداریی خولەکە دەکات

هەولێر دوای دەستبەکاربوونی حەیدەر عەبدولئەمیر راهێنەری نوێی یانەکە و بەڕێکردنی چەند یاریزانێک، بە بەرگێکی نوێوە بەشداریی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، یانەکەی قەڵاومنارە لە گەڕی سێزدەم و چواردەم لە یاریگای خۆی میوانداریی نەورۆز و کەرخ دەکات، دواتر دوو یاریی لەسەریەک لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەکات و دەبێتە میوانیکەربەلا و نەجەف.

هەولێر بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی پازدەمی خولەکە دێت و لەکۆی 12 یاری تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێناوە، رۆژی شەممە هاندەرانی زەردپۆشەکان چاوەڕێی تیپێکی جیاواز لە حەیدەر عەبدولئەمیر راهێنەری نوێی یانەکەیان دەکەن.

دهۆک دوای کرانە دەرەوەی لە جامی عێراق بەشداریی خولەکە دەکات

دهۆک دوای ئەوەی لەسەر دەستی نەفتی میسان لە جامی عێراق کرایە دەرەوە، بە هێنانی سێ یاریزان لە یانەی دالکوردەوە بەشداریی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات.

دهۆک بە راهێنەرایەتی ئەحمەد خەلەف چاوی لە ئەنجامی باشترە، هەڵۆیەکانی چیا رۆژی شەممە میوانداریی قاسم دەکەن، پێنج رۆژ دواتر دەبنە میوانی نەفتی بەسڕە و پێنج رۆژ دواتریش دەبنەوە میوانی نەفتی میسان و دەیانەوێت تۆڵەی جام لەو یانەیە بکەنەوە، لە گەڕی شازدەمی خولەکەش دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداریی کەربەلا دەکات.

دهۆک بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پلەی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، لەو 12 یارییەی لە خولەکە ئەنجامی داوە پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە و تەنیا هەشت گۆڵیشی لێکراوە.

زاخۆ لە چوار گەڕی داهاتوو چاوی لە ئەنجامی باشترە

زاخۆ لە چوار گەڕی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق چاوی لە ئەنجامی باشترە، دوای گواستنەوەی سێ یاریزانی پیشەگەر تەڵال بلوشی و یاریزانەکانی لەژێر تاقیکردنەوەدان بۆ ئەوەی بتوانن هاندەرانی یانەکەیان رازی بکەن، کوڕانی خابوور لە گەڕی سێزدەم دەبنە میوانی حدود، دواتر میوانداریی ئەمانەی بەغدا دەکەن، لە گەڕی پازدەم دەبنە میوانی مینا و لە گەڕی شازدەمیش زاخۆییەکان دەبنە میوانی نەفتی بەسڕە.

زاخۆ بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پلەی شەشەمی خولەکە دێت، پێنج بردنەوەی لە خولەکە بەدەستهێناوە و چوار جاریش تاڵاوی شکستی چەشتووە.

نەورۆز دەیەوێت درێژە بە سوپڕایزەکانی بدات

نەورۆز کە لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان بازاڕێکی باشی کرد و کلاودیۆ ماڕادۆنای گەڕاندەوە یانەکەی، چاوی لەوەیە لەسەر سوپڕایزەکەی بەردەوام بێت کە بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پلەی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، پێنج بردنەوە و چوار یەکسان و سێ دۆڕانی بەدەستهێناوە.

نەورۆز لە دوو گەڕی داهاتوو دوو تاقیکردنەوەی قورس چاوەڕێی دەکات، لە یاریی دێربی کوردستان دەبێتە میوانی هەولێر و لە گەڕی چواردەمیش لە سلێمانی میوانداریی تەڵەبە دەکات، دواتر نەورۆز دوو یاریی لەسەریەک لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەکات و دەبێتە میوانی قاسم و نەفتی وەسەت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button