ئەفریقاگرنگترین

راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی میسڕ بناسە

دووانەیەک ئەرکی راهێنەرایەتی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەی میسڕ دەگرنە ئەستۆ

یاریگا –

حوسام حەسەن، وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی میسڕ دەستنیشانکرا و شوێنی روی ڤیتۆریای پۆرتوگالی گرتەوە.

حوسام حەسەن باشترین گۆڵکاری مێژوویی میسڕە و چەندین ساڵە خەون بە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فیرعەونەکان دەبینیێت

یەکێتیی تۆپی پێی میسڕ لە بەیاننامەیەکی کورتدا روونیکردەوە، حوسام حەسەن دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ و ئیبراهیمی برای (دووانەن) دەبێتە بەڕێوەبەری هەڵبژاردەکە.

هەرچەندە یەکێتیی تۆپی پێی میسڕ چاوی لە دەستنیشانکردنی راهێنەری بیانی بوو، بەڵام لەپڕ حوسام حەسەن هاتە نێو باسەکان و ئەرکەکەی پێڕاسپێردرا.

حوسام چەندین جار رەخنەی راستەوخۆی لە بەرپرسانی وەرزشی وڵاتەکەی گرتووە، بەوەی دەرفەتی پۆستەکەیان پێنەداوە، بەڵام بەهۆی بوونی چەندین کەیسی پەیوەندیدار بە دیسیپلینەوە، لە بژاردەکان دووردەخرایەوە.

لە ساڵی 2016 بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەرکرا، دوای راکردنی بە دوای وێنەگرێک و هێرشکردنە سەری، ئەوکات راهێنەری یانەی میسڕی بوو. هەروەها لە سەرەتای ساڵی 2023 بە هۆی شکاندنی تەلەڤزیۆنی ڤاری نێو یاریگا، بە پێبژاردن سزادرا.

جیا لە کێشەی دیسپلین، حوسام تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، بەڵام بە یارمەتیدانی ئەو یانانەی لەڕووی مادییەوە دەوڵەمەند نین، بەناوبانگە.

حوسام حەسەن یەکێکە لە باشترین یاریزانانی مێژووی ئەفەریقا و یاری بۆ یانەکانی ئەهلی و زەمالک کردووە. هەروەها سێ جار نازناوی جامی ئەفریقای بردووەتەوە و بەشداری لە مۆندیالی 1990دا کردووە.

حوسام بە 68 گۆڵ، گۆڵکاری مێژوویی میسڕە بە جیاوازی 14 گۆڵ لەگەڵ محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول.

بابەتی زیاتر

Back to top button