سعودیە

وادەی گەڕانەوەی رۆناڵدۆ ئاشکرا بوو…بۆ کلاسیکۆی سعودیە ئامادە دەبێت؟

یاریگا –

لەکاتێکدا هەموو جیهان چاویان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دوو جەمسەرەکەی تۆپی پێ، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و مێسی، بوو لە جامی وەرزی ڕیازی پایتەختی سعودیە، بەڵام ئەو پێکانەی دووچاری ئەفسانە پورتوگالییەکە بووە نەیهێشت بەرامبەر مێسی و هاوڕێکانی لە ئینتەر مەیامی ئامادە بێت.

وا لە ئێستادا هەواڵی ئەرێنی گەیشتووە و وادەی گەڕانەوی دۆن ئاشکرا بووە و هاندەرانی نەسر گەشبین دەبن بۆ کلاسیکۆی سعودیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەی گۆڵی عەرەبی، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا رۆناڵدۆ بە تەواوەتی چاک دەبێتەوە لە پێکانەکەی و پەیوەندی بە ڕاهێنانەکانەوە دەکات. ئەوەش واتا تا ٨ی مانگ ئامادە دەبێ بۆ یارییەکەیان بەرامبەر هیلال لە میانی ئەو جامە دۆستانەیەدا.

ئەو هەواڵە بۆ هەوادارانی تۆپی پێ بە گشتی و، هاندەرانی نەسر بەتایبەت خۆش دەبێت بەوپێیە ئەگەر جیهان لە کلاسیکۆی نێوان دۆن و لیۆ بێبەش بوون، ئەوا لە کلاسیکۆی سعودیە چێژ وەردەگرنەوە لە کۆبوونەوەی ئەستێرەکان و بینینەوەی رۆناڵدۆی براوەی خەڵاتی گڵۆب سۆکەر.

هاوڕێیانی دۆن بەبێ سەرکردەکەیان توانیان بە تۆمارکردنی نیودەرزەن گۆڵ، دووەم شکست دووچاری مەیامی بکەن و رەوانەی ئەمریکایان بکەنەوە، لەو یارییەی تێیدا لیۆ لە دوای خولەکی هەشتا هاتە نێو یاریگا و ڕێگەچارەیەکی نەبوو بۆ گەیشتن بە تۆڕی نەسراوییەکان.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button