ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بژاردەکانی شوێنگرتنەوەی چاڤی کێن؟ کامیان گونجاوترین

بارسێلۆنا کۆمەڵێک بژاردەی گونجاوی ریزبەند کردووە

یاریگا و موندۆ –

لە وەرزی رابردوودا چاڤی سەرکردایەتی بارسێلۆنا بۆ بردنەوەی نازناوی لالیگا کرد، بەڵام دوای دۆڕانی یاری شەوی رابردوو (27ی یەنایەر/کانوونی دووەم) بەرامبەر ڤیاڕیال، هاوکێشەکە سەراوگێڕ بووەوە و چاڤی بڕیاریدا، لە کۆتایی ئەم وەرزە، واز لە راهێنەرایەتی بارسا بهێنێت.

چوارشەممەی رابردوو بارسێلۆنا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لەسەر دەستی ئاتلێتیک بیلباو دەرکرا و نیمچە هیوابڕی بردنەوەی نازناوەکانی ئەم وەرزە بوو، چونکە لە لالیگا زۆر لە دواوەیە و لە چامپیۆنزلیگیش، ئەرکی ئاسان نییە.

لە لالیگا، بارسا بە جیاوازی 10 خاڵ لە دواوەی ریال مەدریدی پێشەنگەوە دێت، لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ناپۆلی یاری دەکات و ئەگەرەکانی بەردەوامبوونی لە ئەوروپا لەگەڵ ناپۆلی یەکسانە.

لە جامی سوپەری ئیسپانیا، ریال مەدرید بە ئەنجامی 4-1 لە بارسای بردەوە، ئەمە بردنەوەیەکی ئاسایی نەبوو، چونکە چاڤی تەواوی هیواکانی بە بردنەوەی جامی سوپەر بەستبووەوە، بەڵام هاوکێشەکە بە دڵی ئەو چارەسەر نەبوو.

هەرچەندە بە درێژایی ئەم وەرزە، بارسا بەردەوام پەیامی پاڵپشتی چاڤی بڵاودەکردەوە، هەریەکە لە خوان لاپۆرتا، سەرۆک و دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانە کاتالۆنییەکە چەندین پەیامیان بۆ نارد، بەڵام چاڤی نەیتوانی خۆی لە زەڵگاوی دۆڕانەکان دەرباز بکات.

چاڤی بڕیاری کۆتایی خۆیداوە، بارسێلۆنا لە ئێستاوە دەبێ بە دوای راهێنەرێکی گونجاودا بگەڕێت، بەڵام نابێ قەیرانەکانی دارایی پشتگوێ بخات، چونکە هەر راهێنەرێک بێت، بە کۆمەڵێک مەرجەوە بە ئۆفەری بارسا رازی دەبێت.

بژاردەکانی بەردەوام بارسێلۆنا کێن و کامیان گونجاوە؟

گارسیا پیمێنتا
گارسیا پیمێنتا لەگەڵ لاس پاڵماس

ئەگەر لە لالیگا سەیری گونجاوترین راهێنەر بکەین، رەنگە گارسیا پیمێنتا، راهێنەری لاس پاڵماس، باشترین جێگرەوەی چاڤی بێت، چونکە هەڵگری DNAی بارسێلۆنایە.

لاس پاڵماس یەکێکە لە یانە سەرکەوتووەکانی ئەم وەرزەی لالیگا، هەرچەندە یانەکەی دوورگەی کەناری ئەم وەرزە بۆ لالیگا سەرکەوتووە و بوودجەیەکی سنوورداری هەیە، بەڵام توانیویەتی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و ئێستا رکابەری لەسەر بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتییەکی ئەوروپی وەرزی داهاتوو دەکات.

پیاوانی پیمێنتا ناسنامەیەکی روونی تەکتیکییان هەیە، راهێنەرەکەیان سێ دەیە سوودی لە شێواز و فەلسەفەی بارسا وەرگرتووە، چونکە وەک یاریزان و راهێنەر کاری لە یانە کاتالۆنییەکە کردووە، لە هەمووی گرنگتر، راهێنەری لاماسیا بووە.

لە سەردەمی پیمێنتا، بارسێلۆنا چەند نازناوێکی بردەوە، لە نێویاندا نازناویخولی لاوانی ئەوروپای 2018 (هاوشێوەی چامپیۆنزلیگی لاوانە)، چەندین ئەستێرەی گەورەی بۆ بارسا بەرهەم هێناوە، هەر لە لیۆنێل مێسی بگرە تاوەکو ئانسو فاتی.

زۆربەی بارسێلۆنییەکان پێیان وابووە، پیمێنتا دەبێتە راهێنەری داهاتووی بارسا، بەڵام لاپۆرتا رایەکی جیاوازی هەبوو، هەر لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی، پیمێنتای لە راهێنەرایەتی تیمی بارسێلۆنا بی دوورخستەوە.

گارسیا پیمێنتا بەردەوام رەخنەی لە کارگێڕی بارسێلۆنا گرتووە، چونکە پێی وایە، یانە کاتالۆنییەکە ئێستا زیاتر پشت بە یاریزانی دەرەکی دەبەستێت و یاریزانی ناوخۆیی پشتگوێخستووە.

رەنگە گەڕانەوەی پیمێنتا یەکێک بێت لە گونجاوترین بژاردەکانی لاپۆرتا، چونکە دەتوانێت بە فەلسەفەی یانەی دایک، سەرپەرشتییەکی باشی یاریزانانی وەک گاڤی، لامین یامال و پاو کوبارسی بکات.

میشێڵ
میشێڵ لەگەڵ جیڕۆنا

میشێل، راهێنەری جیڕۆنا، بژاردەیەکی دیکەیە لە بەردەم بارسێلۆنا و رەنگە بژاردەیەکی هەرە لۆژیک بێت، چونکە راهێنەرە ئیسپانییەکە زۆر باش لە لالیگا تێگەیشتووە و تیمەکەی خۆی راهێناوە، ئەمەش هەلەکانی بەردەم شوێنگرتنەوەی چاڤی زیاتر دەکات.

میشێل لە مەدرید لەدایکبووە، زوو خۆی فێری زمانی کاتالۆنی کردووە، نەک لە رێگەی بەشداریکردن لە کۆرسی تایبەت، بەڵکو هاوسێیەکانی کاتالۆنین و لەگەڵ ئەوان فێری زمان و کولتووری کاتالۆنی بووە. میشێل بەبێی ئەوەی بوودجە و ناوی گەورەی هەبێت، رکابەری ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەسەر پێشەنگایەتی لالیگا دەکات.

لە هەمووی گرنگتر، میشێل نزیک لە شێوازی بارسێلۆنا یاری دەکات، لەم وەرزەدا 51 گۆڵی لە لالیگا کردووە، لەسەر ئاستی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا، تەنیا بایرن میونشن گۆڵی زیاتری کردووە (56 گۆڵ).

دیارترین ئاکاری میشێل بریتیە لە باشترکردنی ئاستی یاریزانان، بارسێلۆناش زۆر پێویستی بەم خەسڵەتەیە.

تیاگۆ مۆتا
تیاگۆ مۆتا لەگەڵ بۆڵۆنیا

تیاگۆ مۆتا، راهێنەری بۆڵۆنیای ئیتاڵی ناوی زۆر لە دەنگۆکاندا دێت، رەنگە بارسێلۆنا بیری لێبکاتەوە، چونکە بۆڵۆنیا لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات.

مۆتا، هەشت ساڵ یاری بۆ بارسێلۆنا کرد و ئێستا بۆڵۆنیای کردووەتەوە، تیمێکی دیار لەسەر ئاستی ئەوروپا و شێوازێکی توند و ژیرانەی تاکتیکی بەکاردەهێنێت. بەراورد بە توانا داراییەکانی یانە ئیتاڵییەکە، لە پلەکانی گەیشتن بە خولەکانی ئەوروپا نزیکە.

مۆتای 41 ساڵان، دەستپێکێکی باشی لە کاروانی راهێنەرایەتی نەبوو، چونکە دوای دوو مانگ لە دەستبەکاربوونی وەک راهێنەری جێنوا، دوورخرایەوە و دواتر بووە راهێنەری بۆڵۆنیا و پلەی نۆیەمی وەرزی رابردوویان بەدەستهێنا، کە لە 11 ساڵی رابردوودا، بەرزترین پلەی بۆڵۆنیا بوو لە سێریا ئەی.

مۆتا لە دوای یانەکانی ناپۆلی و فیۆرێنتینا، زۆرترین رێژەی کۆنتڕۆڵی تۆپی لە سێریا ئەی تۆمار کردووە، تەنیا یانەکانی یوڤێنتوس و ئینتەر میلانیش گۆڵی کەمتریان لێکراوە. بۆڵۆنیا بە باشترین شێوەی تۆپ کۆنتڕۆڵ دەکات و بوێرانە رووبەڕووی تیمەکان دەبێتەوە.

هەرچەندە مۆتا بە جێگرەوەیەکی گونجاو داناندرێت، چونکە لە سەرەتای کاروانی راهێنەرایەتیدایە و هێشتا تەواو خۆی تۆکمە نەکردووە.

رافایێل مارکێز
رافایێل مارکێز لەگەڵ بارسێلۆنا ئاتلێتیک

رافایێل مارکێز، یاریزانی پێشووی بارسا و راهێنەری بارسێلۆنا ئاتلێتیکە، کە بەشداری خولی پلە سێی ئیسپانیا دەکات.

مارکێز لە یۆنیۆ/حوزەیرانی 2022 ئەرکی مەشقی بارسێلۆنا ئاتلێتیکی لە ئەستۆگرت، یاریزانی پێشووی مەکسیک، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ لاپۆرتا هەیە، چونکە مارکێز رۆڵێکی باشی لە سەرخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لاپۆرتا گێڕا، جیا لە سەرۆکی یانەش، مارکێز زۆر لە دێکۆ نزیکە.

لە وەرزی رابردوودا، بارسێلۆنا ئاتلێتیک گەیشتە قۆناخی پلەی ئۆفی پێشکۆتایی بۆ گەیشتن بە خولی پلە دووەکانی ئیسپانیا، بەڵام هەردوو یارییەکەی بە ریال مەدرید دۆڕاند. هەرچەندە نەیتوانی تیمەکەی بگەینێتە خولی پلە دووەکان، بەڵام بە دەستکەوتێکی باشی بۆ دادەندرێت، چونکە یەکەم وەرزی بوو، زۆر شارەزای دۆخەکە نەبوو.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی نێو کارگێڕی بارسا کە قسەی بۆ رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ کردووە، تاوەکو ئێستا تەنیا باسی مارکێز کراوە، تاوەکو شوێنی چاڤی بگرێتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button