ئیسپانیا

دیوارە پۆڵایینیەکەی ریال مەدرید درزی تێکەوتووە

لە چوار یاریدا 10 گۆڵی لێکراوە

یاریگا –

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پێش جامی سوپەر تیپێکی بەرگریی گەورەی هەبوو، بەڵام لە یارییەکانی ئەم دواییەدا 10 جار گۆڵەکەی کراوەتەوە.

لە کۆتایی نیوەی یەکەمی وەرزی لالیگا یانەی ریال مەدرید لە 19 یاریدا تەنها 11 گۆڵی لێکرابوو و ئەمەش باشترین ژمارەی پێوانەیی بەرگری بوو لە مێژووی یانە مەدریدەکەدا. ئەگەر بمانەوێت هەموو یارییەکانی ریال پێش جامی سوپەر هەژمار بکەین، ریال لە 26 یاریدا 19 گۆڵی لێکراوە، ئەمەش ئامارێکی زۆر باش بوو، بەڵام دوای جامی سوپەر هەموو شتێک لەپڕ گۆڕا.

ریال لە قۆناغی پێش کۆتاییدا بە ئەنجامی 5-3 لە ئەتلەتیکۆ مەدریدی بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی و بە ئەنجامی 4-1 لە بارسێلۆناشی بردەوە. لە گەڕانەوەی لە سعودیە، ریال مەدرید لە قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئەتلەتیکۆ بە ئەنجامی 4-2 شکستی خوارد و دواتر لە بیستەمین یارییدا لە لالیگا بە ئەنجامی 3-2 لە ئەلمێریای بردەوە.

خاڵی جێی سەرنج لە دوایین 4 یاری ریال، یانە شاهانەکە 10 گۆڵی لێکراوە (7 گۆڵ تەنها لە ئەتلەتیکۆوە). کارلۆ ئەنچیلۆتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای یارییەکەی لەگەڵ ئەلمێریا باسی ئەم بابەتەی کرد و رایگەیاند کە پێویستە بە وردی چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزێتەوە چونکە دەتوانێت لە رادەبەدەر نیگەرانکەر بێت. دووپاتیشی کردەوە کە نابێت تیپەکە یەکڕیزی و سەرنجی خۆی لە یارییەکانی داهاتوودا لەدەست بەدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button