ئاسیاجامی ئاسیا 2023

هەڵبژاردەی کۆریا لە جامی ئاسیا تووشی کێشە دەبێت

یاریگا –

یۆرگن کلینسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور، رووبەڕووی قەیرانی گۆڵپارێز دەبێتەوە و ناچارە بە دوو گۆڵپارێز لە پێکهاتەکەیدا یارییەکانی داهاتوویان ئەنجام بدات.

دوای ئەوەی کیم سونگ گیو، گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی کۆریا و یانەی شەبابی سعودییە، لە کاتی مەشقەکانی هەڵبژاردەکەیدا تووشی پێکان بوو و نەیتوانی لە یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردنیش ئامادە ببێت، ناچار بوو بە فرمێسکەوە کەمپی هەڵبژاردەکەی جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە سێئول تاوەکوو لەوێ نەشتەرگەری بۆ بەستەری ئەژنۆی بکات.

دوای پێکانەکەی کیم سۆنگ گیو، مەشقەکانی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور بە دوو گۆڵپارێز ئەنجامدرا، ئەمەش وایکرد مەشقەکانی ئەم تیپە قورس بکات, لە کاتێکدا کۆریەکان چاویان لەوەیە بۆ یەکەمجار لە دوای 64 ساڵدا نازناوەکە بەدەستبهێنن.

سۆن، لە دوای پێناڵتییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن، درێسی گۆڵپاریزی هەلبژاردەکەیانی وەکوو یادکردنێک بەرز کردەوە

یۆرگن کلینسمان، دەستبەجێ کیم جۆن هۆنگ، گۆڵپارێزی تەمەن 20 ساڵی تیپی چۆنبوک مۆتۆرزی بانگهێشتی تیپەکەی کرد تاوەکوو ببێتە گۆڵپارێزی سێیەمی هەڵبژاردەی کۆریا.

لەلایەکی ترەوە، کۆریای باشوور داوای کردووە بە فەرمی ناوی ئەم گۆڵپارێزە بخرێتە ناو لیستەکەوە، بەڵام بەهۆی کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، ئەی ئێف سی داواکەی رەت کردووەتەوە و بەهیچ شێوەیەکیش ناتوانێت بەشداری یارییەکان بکات بەڵکۆ تەنیا لە مەشقەکاندا دەتوانێت یاوەری کۆریا بکات.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم گۆڵپارێزە هەرگیز بانگهێشتی هەڵبژاردەی کۆریا نەکراوە و تەنها لە تیپی خوار 20 ساڵی کۆریای باشوور بووە، ئێستاش خەریکە ئەزموونێکی بەنرخ تاقی دەکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button