جیهانراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئه‌مشه‌و خه‌ڵاته‌كانی زه‌ بێستی 2023 دابه‌ش ده‌كرێن؛ هەموو شتێک لەبارەی رێوڕەسمەکە بزانە

یاریگا-

ئەمشەو رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست لە لەندەن بەڕێوە دەچن، کاتژمێر 22:30 بە کاتی هەولێر رێوڕەسمەکە دەستپێدەکات و باشترینەکانی ساڵی دەستنیشان دەکرێن.

ئەمشەو لە رێوڕەسمەکەی زە بێست، نۆ خەڵات دابەش دەکرێن کە خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان لەسەر ئاستی پیاوان دیارترینە، باشترین خانمەیاریزانی جیهانیش لە رێوڕەسمەکە دابەش دەکرێت، باشترین راهێنەر لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان، باشترین گۆڵپارێز لەسەر ئاستی خانمان و پیاوان، جوانترین گۆڵی ساڵ، خەڵاتی یاریی خاوێن، خەڵاتی باشترین هانده‌ر و باشترین پێکهاتەی ساڵیش دابه‌ش ده‌كرێن.

ئەو خەڵاتانەی ئەمشەو دابەش دەکرێن

  • باشترین یاریزانی پیاوان
  • باشترین یاریزانی خانمان
  • باشترین راهێنەری پیاوان
  • باشترین راهێنەری خانمان
  • باشترین گۆڵپارێزی پیاوان
  • باشترین گۆڵپارێزی خانمان
  • جوانترین گۆڵی ساڵ
  • یاریی خاوێن
  • باشترین هاندەر

کێ رێوڕەسمەکە پێشکەش دەکات؟

رێشمین چۆودری خانمە رۆژنامەنووسی بەناوبانگی بەریتانی و تێری هێنری ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسی ئەمشەو لە لەندەن رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست پێشکەش دەکەن.

رێشمین (46 ساڵان) لە لەندەن لەدایکبووە و 24 ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکات، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە سیاسەت و ئابووری هەیە، لە کەناڵەکانی BBC و Bein Sports و TNT Sports و Talksport کاری کردووە.

سێیەمجارە رێشمین رێوڕەسمی زە بێست پێشکەش دەکات، پێشتر ساڵەکانی 2020 و 2021 رێوڕەسمەکەی پێشکەش کردووە، تێر هێنریش لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا مۆندیالی 1998 و جامی کیشوەرەکانی 2003 و مۆندیالی یانەکانی 2009ـی بەدەستهێناوە.

مێسی و هالاند و ئێمباپێ کێبڕکێ لەسەر باشترین یاریزانی 2023 دەکەن

بەگوێرەی رێنماییەکانی فیفا بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان، لە نێوان 19ـی دیسەمبەری 2022 تاوەکو 20ـی ئۆگەستی 2023 دەستکەوت و ئاستی یاریزانەکان هەژمار دەکرێن، بۆ ئەوەی خەڵاتی زەبێست دابەش بکرێت.

لیۆنێل مێسی هێرشبەری ئارجێنتینی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی، ئێرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەربژێرن بۆ ئەوەی خەڵاتی زە بێستی 2023 بەدەست بهێنن.

لەسەر ئاستی راهێنەرانی پیاوان، هەریەکە لە پیپ گواردیۆلا راهێنەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری ئینتەر میلانی ئیتاڵی و لوچیانۆ سپالێتی راهێنەری ناپۆلی ئیتاڵی بەربژێرن بۆ ئەوەی بە باشترین راهێنەری ساڵ دەستنیشان بکرێن.

لەسەر ئاستی گۆڵپارێزانیش، یاسین بۆنۆ گۆڵپارێزی مەغریبی یانەی هیلالی سعوودی، تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی بەلجیکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و ئێدەرسن گۆڵپارێزی بەڕازیلی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەربژێرن بۆ ئەوەی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی ساڵ بەدەست بهێنن.

بابەتی زیاتر

Back to top button