ئەفریقاجامی ئەفریقا 2023راپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئەمشەو جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەستپێدەکات؛ هەموو شتێک لەبارەی پاڵەوانێتییەکە بزانە

یاریگا –

ئەمشەو سی و چوارەمین وەشانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە کۆتدیڤوار دەستپێدەکات و پاڵەوانێتییەکە تاوەکو رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو دەخایەنێت.

کۆتدیڤوار بۆ جاری دووەم لە مێژوودا میوانداریی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەکات، کە پێشتر ساڵی 1984 بۆ جاری یەکەم میوانداریی پاڵەوانێتییەکەی کردووە، لە شەش یاریگای جیاواز لە پێنج شاردا کۆتدیڤوار میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

ئەمشەو کۆتدیڤوار کاتژمێر 11:00 لە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە ئەلحەسەن ئۆتارا میوانداریی غینیا بیساو دەکات، کە یاریگاکە شوێنی 60 هاندەر دەگرێت.

سەنیگال بەربژێری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە

بەگوێرەی ئاژانسی ئۆپتا، هەڵبژاردەی سەنیگال بەربژێرە بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە نازناوەکەی بکات کە ساڵی 2021 لە یاریی کۆتایی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە میسری بردەوە، چانسی سادیۆ مانێ و هاوڕێیەکانی بۆ بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا %12.8 دەبێت و کۆتدیڤواریش وەکو وڵاتی میواندار لەدوای سەنیگال زۆرترین چانسی هەیە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، چانسی کۆتدیڤوار بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە %12.1 دەبێت.

جگە لە سەنیگال و کۆتدیڤوار، هەڵبژاردەکانی مەغریب و جەزائیر و میسریش لە دیارترین بەربژێرەکانن بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، رێژەی سەرکەوتنی جەزائیریش لە پاڵەوانێتییەکە %11.1ـە.

میسر دوای 13 ساڵ دەیەوێت بە نازناوەکە شاد بێتەوە

هەڵبژاردەی میسر کە خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە و حەفت جار بووەتە پاڵەوانی ئەفریقا، لەوەتەی ساڵی 2010 نەیتوانیوە جامەکە بەدەست بهێنێت، کە ئەوکات فیرعەونەکان لە ئەنگۆلا لە یاریی کۆتایی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە غانایان بردەوە.

میسر پاشای ئەفریقایە و خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە، کامیرۆنیش لە پلەی دووەم دێت پێنج جار نازناوەکەی بردووەتەوە و غاناش چوار نازناوەکەی بەدەستهێناوە.

سەنیگال دەتوانێت گرێکوێرەکە بکاتەوە؟

دوایین شەش پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا هەرگیز نەیانتوانیوە پارێزگاریی لە نازناوەکەیان بکەن، بەڵکو لە وەشانی دواتر لە پاڵاوتنەکان سەرنەکەوتوون یانیش قۆناخی کۆمەڵەکانیان تێنەپەڕاندووە.

لەوەتەی ساڵی 2010 هەر هەڵبژاردەیەک بوو بێتە پاڵەوانی جامی ئەفریقا، لە وەشانی دواتر لە باشترین حاڵەتدا گەیشتووەتە قۆناخی 16، سەنیگال دەیەوێت حاڵی وەکو حاڵی پاڵەوانی شەش وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکە نەبێت و لە وەشانی ئەمجارەش ژمارەیەکی قورسی پاڵەوانێتییەکە بێت.

سەنیگال کە لە پۆلێنی بیستەمی باشترین هەڵبژاردەکانی ئێستای جیهان دێت، بە راهێنەرایەتی ئەلیۆ سیسێ دەیەوێت کامیرۆن تێبپەڕێنێت، کە ساڵی 2017 Wەکو پاڵەوان بەشداریی پاڵەوانێتییەکەی کرد و باشترین پاڵەوانی شەش وەشانی رابردوو بوو، کەچی لە قۆناخی 16 ماڵئاوایی کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button