ئیسپانیاسعودیەگرنگترین

ئەنچیلۆتی: سبەی لە کلاسیکۆ بۆ تۆڵەکردنەوە یاریی ناکەین

یاریگا –

ئەنچیلۆتی پێش یاریی کلاسیکۆ لە جامی سوپەری ئیسپانیا دەڵێت ‘سبەی بۆ تۆڵەکردنەوە یاریی ناکەین’، لەبارەی گۆڵپارێزی سەرەکی ریال مەدرید لە یارییەکەی سبەی دەڵێت ‘هیچ زانیارییەکتان پێنادەم’.

کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعوودیە دەڵێت :’ئێمە بۆ تۆڵەکردنەوەی یاریی کۆتایی وەرزی رابردووی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا یاریی ناکەین، رێز لە رکابەرەکەمان دەگرین، بەڵام ئێمە لەپێناوی درێسی یانەکەمان یاریی دەکەین کە ریال مەدریدە، ئێمە زۆر یارییمان لێ بردوونەتەوە، بەڵام هێشتا تێنووی بردنەوە و نازناوەکانین’.

ئێمە سبەی بۆ تۆڵە یاریی ناکەین، بەڵکو لەپێناوی درێسی ریال مەدرید یاریی دەکەین.

راهێنەرەکەی ریال مەدرید لەبارەی دۆخی تیپەکەی و پێکهاتەی سەرەکی یارییەکەی سبەی، دەڵێت :’یاریزانەکانمان باشن و تەواو ئامادەن بۆ یارییەکەی سبەی، ئێمە نزیکین لە نازناوەکە و هەوڵ دەدەین بردنەوە بەدەست بهێنین، کارڤاخال باشە تەنیا رۆژێک پێویستی بە پشوودان بوو، لەبارەی گۆڵپارێزی سەرەکی یارییەکەی سبەی، نامەوێت هیچ زانیارییەکتان پێبدەم، نامەوێت کەسیان لەسەر کەسیان زاڵ بکەم، کیپا و لونین هەردووکیان بۆ یاریکردن ئامادەن’.

ئەنچیلۆتی لەبارەی ئەو فیکە ناڕازەیاتییانەی هاندەران لە یاریی رابردوو بۆ تۆنی کرووس لێیاندابوو، دەڵێت :’تۆنی کرووس دەزانێت لەم کاتانە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات’.

لەبارەی بەربژێری جامی سوپەری ئیسپانیاش، دەڵێت :’پێموایە یاریی کلاسیکۆ لە هەموو شتێک یەکسانە، وردەکارییەکان براوەی یارییەکە یەکلا دەکەنەوە، ئامادەکارییەکان بۆ ئەم جۆرە یارییانە زۆر گرنگن، بەتایبەتی گرنگە لە رووی هزری و سۆزەوە بە باشی خۆت بۆ ئەم جۆرە یارییانە ئامادە بکەی’.

ئەگەر سبەی ئەنچیلۆتی نازناوەکە بباتەوە، ژمارەی نازناوەکانی لە ریال مەدرید لەگەڵ زینەدین زیدان یەکسان دەکاتەوە، کارلۆ لەمبارەیەوە دەڵێت :’باشترین یاریزانە لەژیانمدا بینیبێتم، کاتێک وەکو یاریدەدەری راهێنەر لەگەڵ من کاری دەکرد زۆر یارمەتی دام، دەستکەوتەکانی لە بواری راهێنەرایەتی بڕواپێنەکراون’.

لەبارەی فێرلاند مێندیش دەڵێت :’ئەگەر مێندی تەواو ئامادە بێت، من پێموایە باشترین بەرگریکاری چەپی جیهانە، لە رووی هێرشبردنەوە پێویستی بەوەیە باشتر بێت، بەڵام لە رووی بەرگریکردنەوە باشترین بەرگریکاری جیهانە’.

ساڵی رابردوو لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، بارسێلۆنا 3-1 لە ریال مەدریدی بردەوە و بۆ جاری چواردەم جامەکەی بەرزکردەوە، لەکاتێکدا ریال مەدرید 12 جار جامەکەی بەدەستهێناوە.

https://www.facebook.com/Yariga/posts/pfbid0mGi3jdHjUtRa3VwdEx2kCDEGw4Bd4FEXhHJ5deJiWjCcDosid2ZiJzehCvh4hXNKl

بابەتی زیاتر

Back to top button