ئه‌ڵمانیا

لیرۆی سانێ لەلایەن فیفاوە سزا دەدرێت

یاریگا –

لیرۆی سانێ، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بەهۆی ئەوەی لە یارییەکەی مانگی رابردوودا زلەی لە یاریزانێکی نەمسایی داوە، لەلایەن فیفاوە سزا درا.

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە دوایین یاری دۆستانەدا لە کاتی پشووی یارییە نیشتمانییەکانی مانگی نۆڤەمبەردا رووبەڕووی هەڵبژاردەی نەمسا بووەوە و بە ئەنجامی 0-2 بەرامبەر ئەم هەڵبژاردەیە تووشی شکست بوو.

رەنگە کەمتر خەڵک چاوەڕوانی ئەم ئەنجامەیان بکردایە، بەتایبەتی دوای شکستیان بەرامبەر هەڵبژاردەی تورکیا، بەڵام خوێندکارەکانی جولیان ناگلسمان سەرکەوتوو نەبوون لە کردنەوەی گۆڵی نەمساییەکان و ناچاربوون شکستەکە قبوڵ بکەن، ئەمەش رەخنەی زۆری لێ کەوتەوە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەم یارییەدا، لە سەرەتای گێمی دووەمدا بوو کە سانێ بەهۆی هەڵەیەکەوە کە کردبووی لەگەڵ (فیلیپ ئامۆن) یاریزانی هەڵبژاردەی نەمسا شەڕی کرد و دواجار زلەیەکی لێدا، دوای ئەم رووداوە ناوبژیوان کارتی سووری بەڕوودا بەرز کردەوە.

پێگەی بیڵدی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی کردووە، لەدوای چەندین مانگ دوای ئەم رووداوە ئەمڕۆ راگەیەندرا کە فیفا لیرۆی سانێی لە سێ یاری داهاتووی مانشافت سڕ کردووە و هەروەها دەبێت بڕی 2700 یۆرۆ وەکوو پێبژاردن بدات.

بەم هۆیە سانێ لە دوو یاری دۆستانەی ئەڵمانیا پێش یۆرۆی 2024 بەرامبەر فەرەنسا و هۆڵەندا، هەروەها رکابرێکیتر کە تاوەکوو ئێستا دیاری نەکراوە یاری ناکات.

تاوەکوو ئێستا ئەم سزایە لەرووی یاساییەوە دەکرێت پەسەند نەکرێت و ئەڵمانیا دەتوانێت تانە لە بڕیارەکە بدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button