ئینگلتەراگرنگترین

کڵۆپ: دوای یارییەکەی فولهام، خەریکبوو یاریزانێک لە ژووری جلگۆڕین بخەوێت

''کەسایەتییەکی بەهێزمان هەیە''

یاریگا –

یورگن کڵۆپ، بەڕێوەبەری هونەری لیڤەرپوول دووپاتیدەکاتەوە، بڕوا بەخۆبوون، هۆکاری سەرەکی بردنەوەی یارییەکەی فولهام بوو.

لە یاری چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کاراباو، لیڤەرپوول بە ئەنجامی 2-1 لە فولهامی بردەوە. هەریەکە لە کورتیس جۆنز و کۆدی گاکپۆ گۆڵەکانی لیڤەرپوولیان کرد و ویلیانیش تاکە گۆڵی فولهامی کرد.

ئەمە حەوتەم یارییە لیڤەرپوول دوای دوا کەوتنی بە گۆڵێک، یارییەکە دەباتەوە، کڵۆپ لەبارەی یارییەکە دەڵێت

بۆ سەراوگێڕکردنی یارییەکان، پێویستیت بە کواڵتییە، جیا لەمەش پێویستە بڕوابوونێکی زۆرت بەخۆت هەبێت، ئەمە بەلای منەوە لە هەموو شتێک گرنگترە. لەم وەرزەدا زۆر جار رووبەڕووی ئاستەنگییەکان بووینەوە، کەس نازانێت چۆن کاردانەوەمان لەگەڵ دۆخی یارییەکاندا هەبوو، چونکە ئەمە بە پلان ناکرێت، بەڵکو لەڕووی دەروونییەوە کاری لەسەر دەکەین.

لەبارەی یەکەم بەشداری کۆنۆر بڕادڵی لە هێڵی بەرگری و پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز، کڵۆپ دڵخۆشی خۆی بە ئاستی یاریزانەکە دیاریکرد و ترسی لە نووستنی هەبوو

لە دوای یارییەکە و لە ژووری جلگۆڕین، خەریکبوو خەوی لێبکەوێت. بەڕاستی یاریزانێکی زۆر ئاست بەرزە و کەسایەتییەکی بێوێنەی هەیە. بەهرەیەکی راستەقینە و چاوەڕوانییەکی زۆری لێدەکرێت. برادلی لە یانەیەکی زۆر گونجاوە و هەمووان خۆشیان دەوێت.

لەبارەی گۆڕینی ئەنجامی یارییەکانی ئەم وەرزە، کڵۆپ روونیکردەوە

یاریزانەکانم لە یاری بەرامبەر بۆرنمس لە ئانفیڵد، یاری بەرامبەر نیوکاسڵ لە جەیمس پارک، چەندین یاری لەمشێوەیە هەبوون و توانیمان گۆڕانکاری لە ئەنجامەکاندا بکەین. نامانەوێت بیانوو بدۆزینەوە، بەڵام بەمشێوەیە گۆڕانکاریمان کردووە.

21ی ئەم مانگە، لە پرێمەرلیگ لیڤەرپوول رووبەڕووی بۆرنمس دەبێتەوە و دواتر 24ی مانگ، یاری گەڕانەوە لە جامی کاراباو لە کراڤن کوتەیج لە بەرامبەر فولهام دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button