ئیتاڵیاگرنگترین

ژمارەی یانەکانی سێریا ئەی کەم دەکرێنەوە

یاریگا –

یانە گەورەکانی سێریا ئەی دەیانەوێت ژمارەی یانەکانی خولەکە کەم بکرێنەوە و چیدیکە خولەکە بە بەشداریی 20 یانە بەڕێوە نەچێت.

رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، لۆرێنزۆ کاسینی سەرۆکی کۆمەڵەی سێریا ئەی لەگەڵ یانەکان دەستی بە گفتوگۆ کردووە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکانی سێریا ئەی بدەن، کە یانە گەورەکان پشتگیری ئەم پێشنیازە دەکەن.

رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاشکرایکردووە، یانە گەورەکانی سێریا ئەی پێیانوایە بەهۆی شێوازی نوێێ چامپیۆنزلیگ و مۆندیالی یانەکان، خشتەی یارییەکان قەرەباڵختر دەبن و فشاری زیاتر لەسەر یانەکان و یاریزانەکان دروست دەبێت، بۆیە پێویستە ژمارەی یانەکانی سێریا ئەی هاوشێوەی بۆندزلیگا و لیگ1 بکرێتە 18 یانە، لەکاتێکدا سێریا ئەی هاوشێوەی پرێمەرلیگ و لالیگا بە بەشداریی 20 یانە بەڕێوە دەچێت.

یانە بچووکەکانی سێریا ئەی لەبارەی بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکان دوودڵن، پێیانوایە بە کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکانی خولەکە کێبڕکێی مانەوە لە سێریا ئەی سەختتر دەبێت، کە بۆ ئەوەی بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکان بدرێت، پێویستە لەکۆی 20 یانەی خولەکە 14 دەنگ بەو پڕۆژەیە بدرێت، بۆ ئەوەی ببێتە بڕیار.

لەم دوو هەفتەیە یانەکان لەسەر گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەکە بەردەوام دەبن و رۆژی 26ـی ئەم مانگە دەنگ بە پڕۆژەکە دەدرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button