ئیسپانیا

چوار ساڵ تێپەڕی و یاریزانە 30 ملیۆنییەکەی ڕیاڵ چارەنووسی نادیارە

یاریگا –

ڕیاڵ مەدرید، بە کڕیارە هەمیشەییەکەی بازاڕی گواستنەوەکان ناسراوە، لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە دیارترین گرێبەستەکانی لە گەوهەرە دەرکەوتووەکانی خولی بەڕازیل بوو لە نێویاندا ڤینیسیۆس جونیۆر، ڕۆدریگۆ و بەم دوایەیش ئێندریک. دوانەکەی یەکەم توانیان ببنە جێ متمانەی یانە شاهانەکە و وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەرکەون، ئەوەی سێیەمیشیان گرەو لەسەر سەرکەوتنی خۆی دەکات بە ڕێچکەی بەڕازیلیەکاندا. ئەوەی لەم نێوەندەدا ونە، یاریزانە 30 ملیۆنییەکەیە کە تەنانەت یەک خولەکیش درێسی مێرەنگی لە لاکێشەی سەوزدا نەپۆشیوە.

چوار ساڵ تێدەپەڕێت، بە دیاریکراوی لە مانگی یەنایەری ساڵی 2020 کاتێک ڕیاڵ مەدرید بە هیوایەکی زۆرەوە ڕێنیەر خیسۆسی لە فلامینگۆ گواستەوە بە بەهای 30 ملیۆن یۆرۆ بۆ پێگەی ناوەڕاستی هێرشبەریی، بەڵام ئێستا گومناوە و، بە خواستن لەم یانەوە بۆ ئەو یانە بووەتە بەشی.

ڕێنیە و ساتی ناساندنی وەک یاریزانی ڕیاڵ مەدرید        

ناوبراو کە ئێستا تەمەنی 21 ساڵە، هەمان ساڵی پەیوەندیکردنی بە ڕیاڵەوە خرایە ریزی ڕیاڵ مەدرید کاستییا و پاشان بە خواستن بۆ بروسیا دۆرتمۆند. تا 2022 لەگەڵ یانە ئەڵمانیەکە مایەوە و نازناوی جامی وڵاتەکەی لەگەڵ بردنەوە. هیوایەکی دروست کرد بۆ گەڕانەوەی بۆ بێرنابیۆ، بەڵام وا دەرنەچوو.

ساڵی 2022-2023 گەڕێندرایەوە ئیسپانیا، بەڵام بۆ قەڵای سپی نا، دیسان بە خواستن نێردرایە جیرۆنا و لە هەشت یاریدا دوو گۆڵی تۆمار کرد.

ساڵی پاریش بە خواستن نێردرایە دەرەوە و ئەم جارە بۆ ئیتاڵیا و ڕیزەکانی یانەی فریزۆنینی تازە سەرکەوتوو بۆ سێریائەی.

ناوبراو لە مانگی نۆڤێمبەری ڕابردوو لە میانەی چاوپێکەتنێکدا ئەوەی درکاند کە باوکی ئامۆژگاری کردووە بەوەی خولی ئیتاڵی جێگا دروستەکەی بۆ ئەو و، بۆ کاروانەکەی.

تا ئێستا دیار نییە ڕیاڵ مەدرید چۆن کەڵک لە یاریزانە 30 ملیۆنییەکەیان وەردەگرنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button