ئینگلتەرا

سەرجەم “10” گرانترین یاریزانی مێژووی مانچستەر، تەنها 5 نازناویان بۆ یانەکە بردووەتەوە!

یاریگا –

لە ئێستادا یانەی مانچستەر یونایتد دیارترین ئەو یانە گەورانەی ئەوروپایە کە تیشکی میدیای کەوتووەتە سەر بەهۆی ئاستە خراپەکەیەوە.

رەخنەکان لە مان یو تەنها لەسەر ئەنجامەکانی نیین، بەڵکو پلان و ستراتیژی یانەکەیش لەو گرێبەستانەی ئەنجامی دەدات، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بە هەڵایەکی گەورەی ڕاگەیاندن دەست پێدەکات و ئومێد لە دڵی هاندەرە تینوەکانی شەیتانە سوورەکان دەچێنێت و، دوای ماوەیەکی کەم چاوەڕوانییەکان پێچەوانە دەبێتەوە و گواستنەوە خەرجی زۆرەکەیش بێ ئاکام دەبێت.

لەم راپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر 10 گرانترین گواستنەوەکانی مێژووی یانەکە و دەستکەوتیان، کە کۆنترینیان تەنها حەوت ساڵ پێش ئێستا بووە و لە پۆڵ پۆگباوە دەستی پێکردووە:

  • مەیسن ماونت (64.2) ملیۆن یۆرۆ/ هاوینی 2023

مانچستەر بە ڕکابەرایەتییەکی زۆر لەگەڵ لیڤەرپول، توانی چنگی لە یاریزانە ئینگلیزییەکە گیر بێت کە لە چامپیۆنزلیگی 2021 رۆڵێکی کارای هەبوو لە بردنەوەی نازناوەکە بۆ چێڵسی. بەڵام هەر بە گەیشتنی بە مانچستەر، پێکان بەرۆکی گرت و ئاستی خەفە بوو. بە جۆرێک نەیتوانی خۆی لە پێکهاتەکەی تین هاگدا جێبکاتەوە. هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە لەگەڵ مان یو

  • برونۆ فێرناندێس (65) ملیۆن یۆرۆ/ زستانی 2020 لە یانەی سپۆرتینگەوە

ئەگەرچی هەر لەگەڵ گەیشتنی بە ئۆڵدترافۆرد ئاستی باشی پێشکەش کرد و وەک یاریسازێکی لێاهاتووی پریمەرلیگ خۆی ناساند، بەڵام جگە لە نازناوی جامی یەکێتی یانە پیشەگەرەکان لە وەرزی 2022-2023، هیچ نازناوێکیتری زیاد نەکردووە بۆ گەنجینەی یانەکە.

  • کاسیمێرۆ (70.7) ملیۆن یۆرۆ/ هاوینی 2022 لە ڕیاڵ مەدریدەوە

کاسیمێرۆ لە دیارترین یاریزانەکانی دەیەی ڕابردووی ڕیاڵ مەدریدە. دوای چنینەوەی نازناوە دیار و زۆروزەوەندەکان لەگەڵ مێرەنگی، مانچستەر بە دەرفەتی زانی سوود لە هێزو توانا و ئەزموونی مین پووچەڵکەرەوە بەرازیلییەکە ببینێت بۆ ڕکابەرایەتیە نێوخۆیی و کیشوەرییەکان، بەڵام ئەمەشیان تا ئێستا وا دەرنەچووە و ناوبراو ماوەیەکیشە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە. تازەترین پێشهاتیش ئەوەیە یانەکە بیخاتە لیستی فرۆشییەکانییەوە لە بازاڕەکانی داهاتوودا. جگە لە نازناوی جامی یەکێتی یانە پیشەگەرەکان لە وەرزی 2022-2023، هیچ نازناوێکیتری زیاد نەکردووە بۆ گەنجینەی یانەکە.

  • ئانخێل دی ماریا (75) ملیۆن یۆرۆ/ ساڵی 2014 لە ریاڵ مەدریدەوە

دوای بەسەربردنی چوار ساڵ لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید، دی ماریا وەک گرانترین یاریزان لە مێژووی مانچستەر گواسترایەوە ئۆڵدترافۆرد بە هەڵچنی هیوایەکی زۆرەوە لەسەر ئەم ئەستێرە ئەرجەنتینیە. پاش 12 مانگ، خۆی و خێزانەکەشی تاقەتیان لە شاری مانچستەر نەما و ئینگلتەرایان بەرەو پاریس بەجێهێشت بە سفر نازناوەوە بۆ شەیتانە سوورەکان.

  • راسموس هۆیلوند (75) ملیۆن یۆرۆ/ هاوینی 2023 لە ئەتالەنتاوە

لە ماوەی تەنها وەرزەکەی لەگەڵ ئەتاڵەنتا، هێرشبەرە دانیمارکییەکە توانیبووی نۆ گۆڵ تۆمار بکات لە سێریائەی. ئەوە وایکرد مانچشتەریش وەک زۆرێکیتر لە یانە رکابەرەکانی بکەونە هەوڵی کڕینی ناوبراو. دواجار لە هاویندا گواسترایەوە ئۆڵدترافۆرد و ڕێگەی گۆڵی لێ ون بوو. تا ئێستا یەک گۆڵی تۆمار کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتیەکاند. ئەو تاکە گۆڵەیش بەرامبەر ئەستۆن ڤیلا بوو لە بۆکسین دەی.

  • رۆمیلۆ لوکاکۆ (84.7) ملیۆن یۆرۆ/ ساڵی 2017 لە ئیڤەرتنەوە

وەک یەکێک لە هەرە گرانبەهاترین گرێبەستەکان گواسترایەوە مانچستەر. ماوەی ئەو دوو وەرزەی لە یانەکە، هەڵکشان و داکشانی بەخۆوە بینی و 28 گۆڵی بۆ تۆمار کردن، بەڵام بەبێ نازناو مانچستەری جێهێشت و بە کەمتر لە 10 ملیۆن لە نرخی خۆی، بە ئینتەر میلان فرۆشرا.

  • جەیدن سانچۆ (85) ملیۆن یۆرۆ/ هاوینی 2021 لە دۆرتمۆندەوە

بە درێژایی ماوەی سۆڵشایەر وەک ڕاهێنەر، مانچستەر بە دوای یاریزانێکی سوپەردە دەگەڕا بۆ پێگەی لای ڕاست، دوا جار یاریزانی دڵخوازی خۆیان دۆزیەوە کە لە درەوشاوەترین لاوەکانی ئەوروپا بوو. دوای بەسەر بردنە دوو وەرز و ونبوونی ئاستی، بە تەواوەتی لە ئۆڵدترافۆرد خامۆش بوو بەتایبەت دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تین هاگی ڕاهێنەر. ئێستا لە لیستی فرۆشییەکانی مانچستەرە، ئەگەرچی بڕێکی زۆریشی لە پێناودا خەرج کرا. ئەمیش تەنها براوەی جامی EFL کەپە لەگەڵ یانەکە.

  • هاری ماگوایەر (87) ملیۆن یۆرۆ/ ساڵی 2019 لە لیستەر سیتیەوە

دوای 18 مانگ لەوەی لیڤەرپوڵ وەک گرانبەهاترین بەرگریکار ڤێرجڵ ڤاندایکی گواستەوە، مانچستەر بە کڕینی ماگوایەر ڕیکۆردەکەی شکاند. لەوەتەی هاتنی بۆ مان یو، ئەگەرچی هەر زوو کرا بە کاپتنیش، بەڵام ماگوایەر ئەو یاریزانەیەی زۆرترین رەخنە لە ئاستی دەگیرێت چ لە لایەن هاندەرانەوە یاخود لەلایەن ئەفسانە و ئەستێرەکانی مانچستەرەوە و وەک یاریزانێکی گەورەی نابینن. خاوەنی تەنها یەک نازناوە لەگەڵ سوورپۆشەکان، ئەویش جامی EFL بوو لە ساڵی 2022-2023

  • ئانتۆنی (95) ملیۆن یۆرۆ/ هاوینی 2022 لە ئایاکسەوە

ئەنتۆنی لە کۆتا رۆژی گواستنەوەکانی هاوینی 2022دا گواستنەوەکەی یەکلا کرایەوە وەک دووەم گرانبەهاترین کڕین لە مێژووی مانچستەر. تا ساتی گەشتنی، وەک گرێبەستێکی گەورە و کاریگەر باس لێوە دەکرا و بەتایبەت خودی تین هاگ کە پێشتریش لە ئایاکس پێکەوە بوون و وا دەردەکەوت زۆر باش ئاستی یاریزانە بەرازیلییەکە بزانێت بۆ مانچستەر. بەڵام تەنها چەند یارییەک دەرکەوت و، ئەم وەرزەیش بە خراپترین ماوەی خۆیدا گوزەر دەکات.بە گوێرەی سایتی Squawka بۆ داتا و ئامار، ماوەی 1,417 خولەکە لە پریمەرلیگ هیچ گۆڵێکی نەکردووە. لەوەتەی پەیوەندیکردنیشی بە یانەکە، تەنها نۆ گۆڵ و دوو ئەسیستی هەیە. هاوکات لەلایەن گاری نێڤڵی ئەفسانەی پێشووی مانچستەرەوە ڕەخنە لەو بیرکردنەوەیە گیرا کە دەستبەرداری میلانگای سویدی بوون لەپێناو ئەنتۆنی.

  • پۆڵ پۆگبا (105) ملیۆن یۆرۆ/ ساڵی 2016 لە یوڤێنتوسەوە

پۆگبا کە پێشتر لە ساڵی 2011-2012 یاریزانی مانچستەر بوو، دوای چوونی بۆ یڤێنتووس و درەوشانەوەی لەگەڵ خانمە پیرەکە، جارێکیتر مانچستەر گەڕاندیەوە ئۆڵدترافۆرد بە نرخێک کە بۆ ئەوکات ڕیکۆرد بوو لە مێژووی گواستنەوەکاندا. تا ساڵی 2022 کە جارێکیتر مانچستەری جێهێشت، پۆگبا بە دونیایەک هەوراز و نشێودا و بە زنجیرە پێکان گوزەری کرد. خاوەنی دوو نازناوە لەگەڵ مانچستەر، یۆرۆپالیگی 2016-2017 و، جامی EFLی هەمان وەرز.

لە کۆکردنەوەی نرخی هەر دە یاریزانەکەوە دەردەکەوێت کە مانچستەر بڕی زیاتر لە 806 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەیاندا خەرج کردووە، بەڵام بە هەموویانەوە خاوەنی 5 نازناون بۆ یانەکە.

 

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button