ئیتاڵیاگرنگترین

یانە ئیتاڵییەکان ناتوانن بەشداری سوپەر لیگ بکەن

یاریگا –

بەپێی نوێترین یاسا، یانە ئیتاڵییەکان ناتوانن بەشداری سوپەرلیگ بکەن.

کەمێک لەمەوبەر بەشێوەیەکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، بڕگەیەکی نوێیان بۆ یاساکانی خولی ئیتاڵی زیادکردووە، کە رێگە لە بەشداریکردنی یانەکانی ئیتاڵیا لە سوپەر لیگ دەکات.

بەپێی بڕگە نوێیەکە، هیچ یانەیەکی ئیتاڵی بۆی نییە جگە لە پاڵەوانێتییە فەرمییەکانی یوێفا و فیفا، بەشداری هیچ پاڵەوانێتییەکی دیکەی فەرمی بکات، بڕیارەکەش چووەتە بواری جێبەجێکردن.

یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا هۆشداریشی داوە، هەر یانەیەک سەرپێچی ئەم یاسا نوێیە بکات، ئەوا راستەوخۆ لە خولی ئیتاڵی دووردەخرێتەوە و مافی بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکانی ئەو وڵاتەدا نامێنێت.

ئەم بڕیارەی فیدراسیۆنەکە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو دادگای دادی ئەوروپا لە بەرژوەندی سوپەرلیگ بڕیاریدا و یوێفا و فیفای بە ‘خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات’ تاوانبار کرد.

دادگای دادی ئەوروپا لەبارەی ئەو سکاڵایانەی لەلایەن فیفا و یوێفا و سوپەرلیگەوە لەسەر یەکتری تۆماریان کردبوو بڕیاریدا، دادگای ئەوروپا هەریەکە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات تاوانبار کرد، دادگا بڕیاریدا یوێفا و فیفا مافی ئەوەیان نەبووە لە ساڵی 2021 رێگا لە دامەزراندنی پاڵەوانێتی سوپەرلیگ و بەشداریکردنی یانەکان لەو پاڵەوانێتییە بگرن.

هەر دوای بڕیاردەکەی دادگا، فلۆرێنتینۆ پێرێز و خوان لاپۆرتا دڵخۆشی خۆیان بە بڕیارەکەی دادگا دەربڕی و رایانگەیاند: ئازادییان گەڕاندووەتەوە بۆ تۆپی پێ، بەڵام دڵخۆشییەکانیان زۆری نەخایاند و خولەکە لەلایەن بەشێکی زۆری خول و یانەکانی جیهان بایکۆت کرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button