ئینگلتەراگرنگترین

ئێستا کێ بەرپرسی یەکەمە لە مانچێستەر یونایتد ؟

دوێنێ بەفەرمی راگەیەندرا سێر جەیمس راتکلیف خاوەنی گروپی ئینیۆس رێژەی 25٪ی پشکەکانی مانچێستەر یونایتدی کڕیووەتەوە، بەڵام رێککەوتنەکە لەوە ئاڵۆزترە کە بە سەردێڕیک کۆتایی پێبهێنرێت.

ئەو پشکانەی سێر جەیمس کڕیوویەتی لە جۆری لاوازە و پێیان دەوترێت کڵاس بی ، خاوەنی ئەم جۆرە پشکە رێژەکەی هاوتا نیە لەگەڵ 25٪ی پشکی کڵاس ئەی.

بنەماڵەی گلەیزەرس دوای فرۆشتنی 25٪ ئێستا 69٪یان بۆ ماوەتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی پشکەکانیان لە جۆری کڵاس ئەیە، رێژەی 97٪ی خاوەندارێتی یانەکە هێشتا لای ئەوانە.

بەگوێرەی سکای سپۆرت، سێر جەیمس لە هەوڵدایە 25٪ی پشکی کڵاس ئەی بکڕێتەوە بەڵام ئەمەیان کاتێکی زۆر دەوێت. ئەوەی کە لە بەرژەوەندی ملیاردێرە کەی ئینیۆسە، رێککەوتنێکی نێوان ئەو و بنەماڵەی گلەیزەرە کە تێیدا گفتی ئەوەیان پێداوە بڕیارەکانی کردارە وەرزشییەکان لەلایەن سێر جەیمس بێت. بەڵام ئەمە تا ئەوکاتە راستە کە بنەماڵەی گلەیزەر رێگە بدەن. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوان بۆچوونێکی جیاوازیان هەبێت ئەوا هێشتا بڕیاری کۆتایی لای خۆیانە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەم کارە بنەماڵەی گلەیزەر لەلایەک چیتر بەرپرسیاریەتی شکستەکانی یانەکە هەڵناگرن و لەلایەکی دیکەش بڕیاری کۆتایی هەر لای خۆیانە.

هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون گۆڕانکاری ریشەیی لە کارگێڕی یانەکەدا بکرێت و لە قۆناغی یەکەم بەڕێوبەرێکی گشتی تازە دادەنرێت پاش ئەوەی ریچارد ئارنۆڵدس دەستی لەکار کێشایەوە. بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکان ژان کلاود بلانک دەبێتە بەڕێوبەری نوێ کە کەسێکی نزیکە لە گروپی ئینیەس و پێشتر لە یانەکانی یوڤێنتۆس و پاریس سان جێرمان پۆستی باڵای هەبووە.

هەروەها، بەڕێوبەری گواستنەوەی یاریزانان ببێتە پاول میتچڵ کە پێشتر لە یانەکانی ساوزهامپتن، تۆتنهام و مۆناکۆ سەرکەوتنی گەورەی هەبووە لە بازاڕی گواستنەوەدا.

ئێستا کێ بەرپرسە؟

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستن، سێر جەیمس راتکلیف دەسەڵاتی تەواوی بەڕێوەبردنی لایەنە وەرزشییەکەی یانەکەی پێدراوە بەڵام لەباری ناکۆکیدا قسەی کۆتایی لای بنەماڵەی گلەیزەر دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی سێر جەیمس دەتوانێت پشکی زیاتری یانەکە بکڕێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button