ئه‌وروپاگرنگترین

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای A22: یانەکان بە نهێنی لەگەڵ ئێمەن

''لە ژێرەوە قسەمان لەگەڵ دەکەن و بە ئاشکراش دژایەتیمان دەکەن''

یاریگا –

بێرند ریچارت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سوپەرلیگی ئەوروپا ئاشکرای دەکات، چەند یانەیەک لە نهێنییەوە پاڵپشتی سوپەرلیگ دەکەن، سەرەڕای ئەوەی بە ئاشکرا دژایەتییان راگەیاندووە.

کۆمپانیای A22 بۆ بەرەوپێشبردنی وەرزش، خاوەنی بیرۆکەی سوپەرلیگە، بەڵام دوای بڕیاری دادگای دادی ئەوروپا، بە رێگەدان بە رێکخستنی پاڵەوانیەتی سوپەرلیگ، لە یانە گەورەکان، تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا پاڵپشتی بیرۆکەکەیان کردووە. زۆربەی یانە گەورەکانی دیکەی ئەوروپا، بە بەیاننامە، بیرۆکەکەیان رەتکردەوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای A22 بە رۆژنامەی EL Partidazoی راگەیاندووە

گومانمان لە فشاری یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ سەر یانەکان نییە، بۆیە هەموویان بەیاننامە بڵاودەکەنەوە. با کاتمان پێبدەن و ئێمە دەزانین چۆن رازییان دەکەین. لە ماوەی داهاتوودا باشترین یانەکانی ئەوروپا رازی دەکەین. بەڵێنتان پێدەدەم، تۆپی پێی ئەم سەردەمە دەیەوێت کۆتایی بە قۆرخکاری بهێنێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەکان، ریچارت دەڵێت

ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ زۆر یانە کردووە، بەڵام گفتوگۆمان لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی نەکردووە، بەڵکو لە ماوەی داهاتوودا، سەردەمێکی نوێی گفتوگۆکان دەستپێدەکات. هیچ یانەیەک ناچار ناکەین بەشداری لە سوپەرلیگدا بکات. ئێمە لێرە نین تاوەکو دیوار دروست بکەین، بەڵکو دەمانەوێت یەکگرتوو بین. هەندێک یانە ئەمڕۆ بەشداریان رەتکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندییان پێوە کردم و دۆخەکەیان بۆ شیدەکردمەوە. ئەوان بە ئاشکرا دژایەتی دەکەن، بەڵام لە ژێرەوە لەگەڵمانن.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، باس لە چۆنیەتی پەیداکردنی داهات بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانیەتییەکە دەکات و دووپاتیدەکاتەوە، خەزێنەی سعودییەکان، لە پشتی بیرۆکەکەوە نییە

دەمانەوێت تۆپی پێ بە خۆڕایی پێشکەشی هاندەران بکەین، سەرنجی سەرەکیمان لەسەر رێکلامی بازرگانییەوە و پێمان وایە، ساڵانە دەتوانین 3000 ملیۆن یۆرۆ (سێ هەزار ملیۆن یۆرۆ) پەیدا بکەین. دووپاتیدەکەمەوە، پارەی سعودییەکان لە پشتەوە سوپەرلیگەوە نییە. قسەمان لەگەڵ وەبەرهێنی ئەوروپی و ئەمریکی کردووە. گومان لە پەیداکردنی پارەی وەبەرهێنانی پاڵەوانیەتییەکەمان نییە. دەتوانین یارییەکان بە خۆڕایی پێشکەشی هاندەران بکەین.

لەبارەی پەخشی گواستنەوەی یارییەکانەوە، ریچارت دەڵێت

بیرۆکە سەرەکییەکە ئەوەیە، بۆ تاهەتایە یارییەکان بەخۆڕایی دەگوازرێنەوە. رەنگە پاکێجێکی بە پارە بۆ هاندەرە سەرشێتەکان هەبێت. ئێستا بە هۆی قۆرخکارییەوە، ژمارەیەکی زۆری هاندەرانمان لەدەستداوە.

تاوەکو ئێستا ئاسۆی بەڕێوەچوونی سوپەرلیگ دیارنییەوە، ئەوەی روونە، تەنیا پاڵپشتی ریال مەدرید و بارسێلۆنایە بۆ بیرۆکەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button