ئیسپانیا

گوندۆگان بیر لە راهینەرایەتی دەکاتەوە

یاریگا –

ئیلکای گوندۆگان، ناوەڕاستکاری یانەی بارسێلۆنا دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راهێنەرانەی کە هەیبووە، دەبێت دوای وازهینانی لە یاریکردن بچێتە ناو جیهانی راهێنەرایەتییەوە.

لەو کاتەوەی گوندۆگان پەیوەندی بە بارسیلۆناوە کردووە، بووەتە یەکێک لە ئەستێرە سەرەکییەکانی ئەم تیپە و یەکێک لە یاریزانە متمانەپێکراوەکانی چاڤی.

ئەو کە رۆژانی زۆر باش و گەشاوەی لە مانچێستەر سیتی بەسەر بردبوو، ئێستا لە هێڵی ناوەڕاستی تیپە خۆشەویستەکەیدا دەدرەوشێتەوە و هیوادارە بتوانێت لەگەڵ ئەم تیپە نازناوی پاڵەوانێتی بەدەستبهێنێت و مۆزەخانەی دەستکەوتەکانی پڕتر بکات.

لە چاوپێکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی کە لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی یانەی بارسێلۆنا ئەنجامیداوە، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە. سەبارەت بە بۆچونی ئارتێتا کە گوتویەتی گوندۆگان لە یاریگادا درەوشاوە نییە بەڵکو یارمەتی یاریزانانیتر دەدات بدرەوشێنەوە دەڵێت:

بەڵێ، من ئەوەم بە دڵە. منیش هەمان بۆچوونم هەیە لەسەر خۆم. ئەمە پێناسەیەکی راستەقینەی منە وەک یاریزان و مرۆڤ لە یەک کاتدا. زۆر گرنگی بە خەڵکی دەوروبەرم دەدەم.

رۆڵی تۆپی پێ لە ژیانتدا چیە؟

تۆپی پێ هەمیشە رۆڵێکی گرنگی لە ژیانمدا هەبووە، بەڵام خەونی گەورەم نەبووە. زۆر منداڵ هەن لە تەمەنی شەش، حەوت، هەشت یان نۆ ساڵییەوە لە ئەکادیمیادان و خەون بە بوون بە یاریزانی پیشەگەرەوە دەبینن، بەڵام من هەرگیز وا نەبووم.

شێوازی ژیان چونە؟

کەسێکی ئاساییم، هاوشێوەی ئەو یاریزانەی کە لە یاریگادا دەیبینیت. کەسێکی ئارام کە وەک هەموو کەسێک کێشەی لە ژیاندا هەیە. ژیانی کەس کامڵ نییە، هەموومان گومان و ترسی خۆمان هەیە. لە کۆتاییدا من کەسێکی گونجاوم کە لەگەڵ هەموو کەسێکدا رێک دەکەوێت.

تۆپی پێ چ مانایەکی بۆتۆ هەیە؟

بۆ من تۆپی پێ واتە تا دەتوانم یارمەتی هاوڕێکانم بدەم. لە لایەکی ترەوە پێویستم بە یارمەتی هەیە. تەنها لەبەر ئەوەی تەمەنم گەورەترە یان ئەزمووندارترم مانای ئەوە نییە کە پێویستم بە یارمەتی نییە. تۆپی پێ وەرزشێکی تیمییە و پێویستە هەمووان هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن.

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان؟

من زۆر چالاک نیم. من ژیانی تایبەتی خۆم بڵاو ناکەمەوە. زۆر کەس پێیان خۆشە ئەم کارە بکەم، بەڵام من حەزم لێ نییە و نایکەم. من دەمەوێت خەڵک وەک یاریزانێکی باشی تۆپی پێ بمبینن و سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت.

جیاوازی نێوان مانچێستەر سیتی و بارسێلۆنا چییە؟

لە سیتی لە هەموو شوێنێک یاریم دەکرد. بەڵام لە بارسێلۆنا وەک یاریزانی ژمارە شەش و هەشت یاریم کردووە. پێگەی من پەیوەستە بە پێکهاتەی تیپەکە و یاریزانانی ناو یاریگا، بەڵام ئامادەم لە هەر شوێنێک راهێنەر بیەوێت یاری بکەم.

بیر لە راهێنەرایەتی دەکەیتەوە؟

کارێکی هەڵەیە راهێنەرایەتی نەکەم دوای یاریکردن لە ژێر دەستی ئەم راهێنەرە گەورانە. ئەگەری هەیە، بەڵام رەنگە رێگایەکی تر بگرمە بەر. دەبێت بزانین چی روودەدات.

کەی بیر لە خانەنشین بوون دەکەیەوە؟

من دەمەوێت چەند ساڵێکی تر لەسەر بەرزترین ئاست بەردەوام بم لە یاریکردن. هێشتا هەست بە باشی دەکەم. هاتمە بارسێلۆنا بۆ ئەوەی ئەزمونێکی نوێ تاقی بکەمەوە و خۆم لەم یانە گەورەیەدا بسەلمێنم.

بابەتی زیاتر

Back to top button