
یاریگا –
مارک کوکورێیا، بەرگریکاری نوێی ریال مەدرید هۆکاری پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و بە شەرەفێکی گەورە وەسفی دەکات.
کوکورێیا لە چاوپێکەوتنێکی نوێی لەگەڵ رۆژنامەی ئێل موندۆ، لەبارەی رابردووی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا و پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید روونیکردووەتەوە، بە منداڵی خەونی بە یاریکردن بۆ تیمە گەورەکان بینیووە، ریال مەدریدیش یەکێکە لە تیمە گەورەکان و خاوەنی زۆرترین نازناوی چامپیۆنزلیگە، هەر بۆیە بڕیاریداوە پەیوەندی بەو یانەیە بکات.
یاریکردن بۆ ریال مەدرید شەرەفێکی گەورەیە و هەموو یاریزانێک ئەو شەرەفەی پێنادرێت
کوکورێیا لە درێژەی قسەکانی ئاشکرایکردووە، جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ریال مەدرید بەتایبەت قسەی لەگەڵ کردووە و پێی گوتووە زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات، قسەکانی مۆرینیۆ کاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە، هەر بۆیە ئەویش زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی مۆرینیۆ یاریی بۆ ریال مەدرید بکات و دڵنیایە دەتوانێت خۆی بگونجێنێت.
مۆرینیۆ پێی گوتم بەپەرۆشە بۆ کارکردن لەگەڵم، زۆر دڵخۆشم بەو متمانەیەی بەمنی هەیە و منیش بەپەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵی.
بەرگریکارە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو یاریزانێکە لە هەموو یارییەک هەموو توانایەکی خۆی دەخاتەگەڕ و تاوەکوو کۆتا خولەک هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ یارمەتیدانی تیمەکەی دەدات، ئەمەش بەتەواوی لەگەڵ رۆحیەت و ئەقڵیەتی ریال مەدرید دەگونجێت.
ریال مەدرید جادوویەکی تایبەتی هەیە، نازانم چۆن وەسفی بکەم، تێناگەیت چۆن دەتوانن ریمۆنتادا بکەن لەکاتێکدا لە لێواری شکستدان.
من یاریزانێکی زۆر تێکۆشەرم و تاوەکوو کۆتا سات دەجەنگم، پێموایە ئەمەش بەشێکە لە رۆحیەت و ئەقڵیەتی ریال مەدرید کە تاوەکوو کۆتا خولەک خۆیان بەدەستەوە نادەن



