ئه‌مریکابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ڤیدیۆ: سوارێز و خانەوادەکەی بە دڵتەنگییەوە ماڵئاواییان لە گریمیۆ کرد

بەرەو لای مێسی دەچێت...

یاریگا –

لویس سوارێزی ئوروگوایی و خانەوادەکەی بە دڵتەنگییەوە ماڵئاواییان لە یانەی گریمیۆی بەڕازیلی کرد.

درەنگانی شەوی رابردوو، یانەی گریمیۆ لە یارییەکانی گەڕی 37ـی خولی بەڕازیلی و گەڕێک بەر لە کۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی خولەکە لە یاریگای ئارێنا دۆ گریمیۆ، میوانداری ڤاسکۆ دی گامای کرد. یارییەکەش با تاکە گۆڵێکی لویس سوارێز، لە بەرژەوەندی گریمیۆ کۆتایی هات.

ئەم یارییە کۆتا یاری هێرشبەرە ئوروگواییەکە بوو لە یاریگای خۆیاندا، بۆیە لەگەڵ خانەوادەکەیدا ماڵئاواییان لە یانەکە و هاندەرانیان کرد. لە بارەی داهاتووشی هیچ وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەی نەدایەوە.

هەست بە ئازار دەکەم، جەستەم لەبری من قسە دەکات، دەمەوێت جارێ چێژ لە یاریکردن وەربگرم، دوای بەسەربردنی کاروانێکی وەرزشی درێژخایەن بڕیاری کۆتایی بدەم.

جارێ پێویستە پشوو بدەم و لەگەڵ خانەوادەکەم چێژ وەربرگرم، چارەنووس دەزانێت یانەی داهاتووم کوێت دەبێت.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەنووس فابریزیۆ رۆمانۆ، بە ئەگەرێکی زۆر لویزیتۆ بەم زووانە پەیوەندی بە یانەی ئینتەر مەیامەی ئەمریکی دەکات و لەگەڵ هاوڕێی دێرینی، لیۆنێل مێسی یەکدەگرێتەوە.

هێرشبەرە تەمەن 36 ساڵانییەکە بە درێسی یانە بەرازیلییەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری 52 یاری کرد، 24 گۆڵی کرد و 17 گۆڵیشی درووستکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button