ئیسپانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

نیکۆ پاز؛ مێسییەکی نوێ لە ریال مەدرید بەڕێوەیە و ئارجێنتینا و ئیسپانیا لەسەری شەڕیانە

بووە دووەم بچوکترین یاریزانی ئارجێنتینی لە چامپیۆنزلیگ گۆڵ بکات

یاریگا –

نیکۆ پاز یاریزانی لاوی ریال مەدرید یەکەمین گۆڵی بە درێسی ریال مەدرید کرد و لەدوای مێسی بووە دووەم بچوکترین یاریزانی ئارجێنتینی لە مێژووی چامپیۆنزلیگ گۆڵ بکات، ئەم کوڕە 19 ساڵانە بە رەسەن ئارجێنتینییە و لەدایکبووی ئیسپانیایە، ئەنچیلۆتی متمانەی تەواوی پێیەتی و لە تیپی یەکەم دەیهێڵێتەوە.

نیکۆ پاز کێیە؟

ساڵی 2004 لە شاری سانتا کروز لە ئیسپانیا لەدایکبووە، لە تەمەنی 10 ساڵی پەیوەندیی بە ئەکادیمیای تێنێریفی ئیسپانییەوە کردووە و دوو ساڵ لەو ئەکادیمیایە یاریی کردووە، دواتر ساڵی 2016 پەیوەندیی بە ئەکادیمیای ریال مەدریدەوە کرد و لەوکاتەوە لە یانە مەدریدییەکە یاریی دەکات، ساڵی رابردووش پاز بۆ تیپی دووەمی ریال مەدرید سەرخرا و ساڵێکە لە ریال مەدرید کاستییا یاریی دەکات.

Image

درەوشانەوەی یاریزانێکی ئارجێنتینی بە درێسی ریال مەدرید

پاز رۆژی 8ـی ئەم مانگە یەکەمین یاریی لە چامپیۆنزلیگ بە درێسی ریال مەدرید ئەنجام دا، لە یاریی بەرامبەر سپۆرتینگ براگا لە خولەکی 77 هاتە ناو یاریگا، رۆژی 11ـی ئەم مانگە لە لالیگا یەکەمین یاریی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ کرد، لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا لە خولەکی 82 هاتە شوێنی دانی کارڤاخال.

شەوی رابردوو (29/11/2023) نیکۆ پاز یەکەمین گۆڵی خۆی بە درێسی ریال مەدرید کرد کە یەکەمین گۆڵیشی بوو لە کاروانی وەرزشی خۆی.

نیکۆ بەو گۆڵەی تۆماریکرد ریکۆردی ئالیخاندرۆ گارناچۆ یاریزانی مان یونایتدی شکاند و بووە دووەم بچوکترین یاریزانی ئارجێنتینی لە دوای مێسی لە چامپیۆنزلیگ گۆڵ تۆمار بکات.

Image

ئارجێنتینا و ئیسپانیا لەسەر ئەم یاریزانە شەڕیانە

پابلۆ پاز باوکی نیکۆ پاز یاریزانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بوو، بە درێسی تانگۆ بەشداریی مۆندیالی 1998ـی کردووە، باوکی نیکۆ 14 یاریی نێودەوڵەتی بە درێسی ئارجێنتینا ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کوڕەکەی دیار نییە و ئیسپانیا و ئارجێنتینا رکابەریی لەسەر رازیکردنی کوڕەکەی دەکەن.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، بەرپرسانی ریال مەدرید گلەییان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا هەیە، چونکە تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی هیچ هەڵبژاردەیەکی ئیسپانیا بانگهێشتی پاز نەکراوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لیۆنێل سکالۆنی پێش مۆندیالی 2022 بانگهێشتی ئەو یاریزانە لاوەی کردبوو بۆ لیستی سەرەتایی یاریزانەکانی بۆ مۆندیال، بەڵام دواتر دووریخستەوە، پاز پێشتر لە ریزی هەڵبژاردەی ژێر 20 ساڵانی یاریی بۆ تانگۆ کردووە.

مارکا رایگەیاندووە، بەرپرسانی ریال مەدرید حەز دەکەن پاز هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەڵبژێرێت، چونکە ئەگەر بچێتە ئارجێنتینا ئەوا لەکاتی یارییە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی گەشتە درێژەکانی شەکەت و ماندوو دەبێت.

گریانی دایک و خوشکی نیکۆ پاز دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی
گریانی دایک و خوشکی نیکۆ پاز دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی

نیکۆ پاز لە شەوە مێژووییەکەی چی گوت؟

نیکۆ پاز دوای ئەوەی گۆڵەکەی کرد، گوتی :’ئەمە خەونی من بوو بووە راستی، من خۆشم نەمدەزانی چی دەکەم، بەس تۆپەکەم راگرت و یەکسەر شووتم کرد، هۆشم لەدەست دا، من شانازیی بەوە دەکەم لە ئەکادیمیای ریال مەدریدەوە پێگەیشتووم، ئەم ئەکادیمیایە یەکێکە لە باشترین ئەکادیمیاکانی جیهان’.

کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید بڕیاریداوە نیکۆ پاز لە تیپی یەکەم بەردەوام بێت و نەگەڕێتەوە تیپی کاستییا، راهێنەرە ئیتاڵییەکە متمانەیەکی تەواوی بەو یاریزانە هەیە.

کارلۆ ئەنچیلۆتی

‘بڕوام پێبکەن نیکۆ پاز داهاتووی ریال مەدریدە، ئەم کوڕە تەواوی خەسلەتەکانی ئەستێرەیەکی گەورەی تێدایە’.

بابەتی زیاتر

Back to top button