ئه‌وروپایاریگا

گریزمان: یوفا پارەیەکی زۆر هەیە، بەڵام…

گریزۆ توڕەیە لە یوفا

یاریگا –
ئەنتوان گریزمانی فەرەنسی توانج لە ئامادەکاریی و کەموکورتییەکانی یوفا دەگرێت پاش یەکسانبوونەکەیان 2-2 بەرامبەر یۆنان لە کۆتا گەڕی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024.

کەڵەشێرەکان کە لە پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکانن، دوای حەوت بردنەوە بۆ یەکەمین جار لەو هەشت یارییەی ئەنجامیان داوە نەیانتوانی سێ خاڵی یارییەکە ببەنەوە کاتێک لە خاکی یۆنانییەکان بە خاڵێک لە یارییەکە هاتنە دەر، بەڵام فەرەنسییەکان بێ گلەیی و ڕەخنە نەبوون، بەتایبەت ئەنتوان گریزمان و پاشانیش دیدیە دیشای ڕاهێنەر.

یارییەکە 2-2 بەردەوامیی هەبوو تا لە خولەکی 90 لە ڕێگەی هەوڵێکی تاکەکەسیی کینسلی کۆمان، تۆپەکە بەر یاریزانێکی یۆنان دەکەوێت و هێڵی گۆڵ تێدەپەڕێنێ، بەڵام نە ناوبژیوان و نە ڤار هیچ بڕیارێکیان نەدا لەسەر حاڵەتەکە.
دوای یارییەکە گریزمان بە نیگەرانیی و توانجەوە وتی:

یوفا پارەیەکی زۆری هەیە بەڵام ناتوانێت بەشێوەیەکی ڕێکخراو بە هەموو شت هەڵسێت تا ئێمە بزانین حاڵەتێک گۆڵ بووە یان نا. دەبێت ئێمە داوای زیاتر لە یوفا بکەین.  ئەگەر ئەوان دەیانەوێت ئێمە یاریی زیاتر ئەنجام بدەین، ئەوا ئێمەیش تەکنەلۆژیای زیاترمان لە یوفا دەوێت.

لای خۆیشیەوە دیدیە دیشای ڕاهێنەر هەمان ڕەخنەی هەبوو لە نەبوونی تەکنەلۆژیای هێڵی گۆڵ و ڕایگەیاند ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە لە ئاستی یارییەکی نێودەوڵەتیدا ئەو کەموکورتیە هەیە.

– ڤیدیۆی کورتکراوەی یارییەکە و دیمەنی حاڵەتەکە:

تەکنەلۆژیای هێڵی گۆڵ تا ئێستا نەبووەتە یاسایەکی پەیڕەو لێکراو لە سەرجەم یاریگاکانی جیهاندا. لە خولی ئیسپانی بۆ وەها حاڵەتێک هەر لە ڕێگەی ناوبژیوان و ڤارەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. لە کاتێکدا لە پریمەرلیگ ناوبژیوانان لە ڕێگەی کاتژمێرە دەستیەکەیانەوە ئاگانامەیەکیان پێ دەگات هەرکەی تۆپەکە هێڵی گۆڵ بەتەواوەتی تێپەڕێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button