ئیسپانیاگرنگترین

لوکا مۆدریچ وەڵامی دەنگۆکان دەداتەوە

یاریگا –

لوکا مۆدریچی کڕواتی دڵخۆشی خۆی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دووپاتدەکاتەوە.

مۆدریچ لە هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی هات، بەڵام بڕیاریدا یانەکەی جێنەهێڵیت، گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە نوێکردەوە.

بەڵام شازادە کڕواتییەکە بە رۆڵی ئێستای لە تیپەکەی دڵخۆش نییە، بووەتە یاریزانێکی یەدەگی پێکهاتەکەی کارلۆ ئانچێلۆتی، بە ئاشکرا نائاسوودەیی خۆی بەو دۆخە دەربڕیووە و بەردەوام ویستیوویەتی بگەڕێتەوە پێکهاتەی سەرەکی.

ناکۆکی نێوان لوکا و کارلۆ، رێگەی بۆ رۆژنامەکان خۆشکردووە تا دەنگۆی جۆراو جۆر درووست بکەن، دوایین دەنگۆکان باسیان لەوە دەکرد، مۆدریچ لە مێرکاتۆی زستانە ریال مەدرید بەرەو سعودیە یاخود ئینتەر مایەمی ئەمریکی جێدەهێڵێت.

بەڵام ئەستێرە کڕواتییەکە لە نوێترین لێدوانی، کە فابریزیۆ رۆمانۆ بڵاویکردووەتەوە، دەنگۆکان بەدرۆدەخاتەوە و دەڵێت:

بەردەوامدەبم لە بەخشینی هەمووشتێک بە ریال مەدرید، یانەکەم بۆمن واتای هەمووشتێک دەگەیەنێت، بەشێکە لە ژیانی خۆم و خێزانەکەم، لە کڕواتیا لەدایکبووم، بەڵام لە مەدریدیش وەک نیشتیمانی خۆم وایە.

ئەمشەو کاتژمێر 20:00 بە کاتی کوردستان، هەڵبژاردەی کڕواتیا لە یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2024 دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی لاتیڤیا.

کڕواتییەکان بە سەرکردایەتی لوکا مۆدریچ و لەپێناو زیندووکردنەوەی هیوای گەیشتنیان بە یۆرۆی ئەڵمانیا، چاویان لە سێ خاڵی یارییەکەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button