ئیسپانیا

بارسێلۆنا لە دەست یەکێک لە بەرگریکارەکانی رزگاری دەبێت

یاریگا –

یانەی ئایندهۆڤن، بەنیازە ئۆفەرێکی هەمیشەیی پێشکەش بە بارسێلۆنا بکات لە پێناو بە هەمیشەیی کردنی گرێبەستی سێرجیۆ دێستی بەرگریکاری هۆڵەندی یانەکە.

لە ساڵی 2020دا خەونە گەورەکەی دێست کە پەیوەندی کردن بە برسێلۆناوە بوو، بەدیهات، بەو هیوایەی پێگەیەکی هەمیشەیی لە پێکهاتەی تیپەکەدا بەدەستبهێنێت. هەروەها بەڕێوەبەرانی بارسێلۆنا پێیان وابوو ئەم یاریزانە کە یەکێک بوو لە یاریزانە زیرەکەکانی تیپی ئەیاکس، دەتوانێ چارەسەرێکی درێژخایەن بێت بۆ پێگەی بەرگری راستی تیپەکە لە لالیگا، بەڵام چاوەروانییەکان پێچەوانە بوونەوە بەرگریکارەکە نەیتوانی ئاستی چاوەڕوانکراو پێشکەش بکات.

دۆخەکە بۆ بەرگریکارەکە بەشێوەیەک بوو  کە تەنها 72 یاری بۆ بارسێلۆنا ئەنجامدا و دواجار بە خواستن چووە میلان، بەڵام تەنانەت لەم تیپەشدا نەیتوانی بەردەوام بێت و بارسێلۆنا کە بەدوای فرۆشتنیدا بوو، نەیتوانی کڕیارێکی گونجاو بۆ ئەم بەرگریکارە بدۆزێتەوە.

ئەم یاریزانە تەمەن 23 ساڵە لە گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا بە شێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندییەوە کرد، ئێستاش رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردەوە کە ئەم یانەیە بڕیارە ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی یانە ئیسپانییەکە بکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی هەمیشەیی گرێبەست لەگەڵ دێست واژوو بکات.

بڕگەیەکی کڕین لە گرێبەستەکەی ئەو یاریزانەدا هەبوو، کە یانەکە دەتوانێت ئەم یاریزانە بە پێدانی 10 ملیۆن یۆرۆ بە شێوەیەکی هەمیشەیی بگوازێتەوە. یانەی ئایندهۆڤن بڕیارە ئەم بڕە پارەیە بەم نزیکانە پێشکەشی بارسێلۆنا بکات، ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ بەڕێوبەرانی بارسێلۆنا.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button