ئیسپانیا

گوندۆگان لەگەڵ یانەیەک لە گفتوگۆدایە

یاریگا –

ئیلکای گۆندۆگان، ناوەڕاستکاری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، خەونی یاریکردنی بۆ یانەی گالاتاسەرای هەیە و بەدوور نازانرێت لەم نزیکانە بارسێلۆنا جێبهێڵێت.

ئیلکای گۆندۆگان لەم هاوینەدا مانچێستەرسیتی جێهێشت و پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد. خەونی یاریکردن بوو بۆ بارسا و ئەویش بەدەستی هێنا، بەڵام لە مانگەکانی یەکەمی ئامادەبوونیدا بارودۆخەکان بە دڵی یاریزانە ئەڵمانییەکە نەبوو. لە یەک دوو مانگی سەرەتادا، هاوژینەکەی مناڵی بوو، ئیلکای چاوەڕێی پاڵپشتی زیاتری لە یانەکەی دەکرد، بەڵام  هەستی کرد پشت گوی خراوە و بەڕێوەبەرانی یانەکەشی لەم بابەتە ئاگادار کردەوە.

لە دوای شکستی ئێل کلاسیکۆ و چاوپێکەوتنە مشتومڕاوییەکەی کە رەخنەی لە هاوڕێکانی گرت، بووە مانشێتی رۆژنامەکان. هەڵسوکەوتەکانی لە ئاهەنگی باڵۆن دۆریش هەندێک مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستاش لە تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دوای یارییەکەی گالاتاسەرای لەگەڵ بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ، بەڕێوەبەرانی یانەی گالاتاسەرای لەگەڵ بریکاری ئیلکای لە میونشن کۆبوونەوە.

بەپێی راپۆرتی میدیاکانی تورکیا، گۆندۆگان دەیهوێت پێش وازهێنانی لە تۆپی پێ لە یانەی گالاتاسەرای یاری بکات و حەز دەکات بە درێسی یانە تورکیەکەوە واز لە یاریکردن بهێنێت. بەم بۆنەیەوە ئامادەیە لە هاوینی داهاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ بارسێلۆنا بکات تاوەکوو ئەوەی وەرزی داهاتوو درێسی یانەی گالاتاسەرای لەبەر بکات.

بەم شێوەیە بە هیچ شێوەیەک دوور نییە ئەستێرە بە رەگەز تورکەکە بەر لە کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی بارسا بەجێبهێڵێت و بچێتە تورکیا، ئەمەش بە دڵنیاییەوە هەواڵێکی دڵخۆسکەر نابێت بۆ چاڤی.

بابەتی زیاتر

Back to top button