ئیسپانیا

ئینیگۆ مارتینێز وەڵامی رەخنەگران دەداتەوە

یاریگا –

ئینیگۆ مارتینێز، بەرگریکاری یانەی بارسیلۆنا، پێی وایە هاوڕێکانی لە بارسێلۆنا نابێت گرنگی بە رەخنەکان بدەن.

بارسێلۆنا جارێکی تر ئاستێکی باشی پێشکەش نەکرد بەڵام دواجار سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لە دوو یاری رابردووی لالیگادا بارسێلۆنا سەرەڕای پێشکەش کردنی ئاستیکی دوور لە چاوەڕوانییەکان بەڵام دواجار توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. هەفتەی رابردوو لە یاریگای سۆسیداد و ئەمجارەیان لە یاریگای خۆیاندا بەرامبەر ئالاڤێس، بەجۆرێک دوای دۆڕان لە کلاسیکۆ، هەردوو یارییەکەی لە لالیگادا بردووەتەوە.

رەخنەکان لە شێوازی یاری کردنی بارسا رۆژ لەدوای رۆژ زیاد ەکات و زۆرێک پێیان وایە چاڤی نەیتوانیوە بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات و بلاوگرانا بە پێی فەلسەفە و شێوازی ئاسایی خۆی یاری ناکات.

ئینیگۆ مارتینێز، کە شەوی رابردوو کە لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاریکرد، بەم شێوەیە وەڵامی رەخنەگرانی دایەوە و گوتی:

پێموایە نابێت تیپەکە گرنگی بە رەخنەی میدیاکان بدات. بەڕاستی نابێت سەرنجمان لەسەر پرسە دەرەکییەکان بێت چونکە ئەوان یارمەتیدەرمان نابن. ئەم رەخنانە بۆ من گرنگ نین. ئێمە ئەوەیەن کە ئێوە دەیبینن و دەبێت یەکگرتوو بین. ئەمساڵیش توانیومانە ریمۆنتادا لەو یارییەنادا بکەین کە پێیان وابوو شکست دەهێنین.

ئینیگۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

بێگومان منیش لەگەڵ ئەوەدام کە نابێت لە یاریگای خۆماندا ئەوەندە کات بدەین بە یاریزانی بەرامبەر و لە چرکەکانی یەکەمدا گۆلمان لێبکەن. دەبێت لە ماڵەوە بەهێزتر بین. لە کۆتایی وەرزدا کەس ناڵێت کام تیپ باشتر یاری کردووە بەڵکو ئەو تیپەی زۆرترین خاڵ بەدەست دەهێنێت، بەبێ گوێدانە فۆڕمی یارییەکە، دەبێتە پاڵەوان خولەکە. یاری باش بە بێ سەرکەوتن چ سوودێکی هەیە؟ بێگومان ئێمە تا دوا خولەکەکان شەڕی بردنەوە دەکەین.

ئەم قسانەی ئینیگۆ لە دوای ئەوەوە دیت کە زۆرێک لە هاندەرانی یانەکە و تەنانەت خەڵکانی تریش پێیان وایە بارسێلۆنا بە پێی پێویست لە یاریگادا دەرناکەویت و سەرەتایەکی خراپی لە لالیگا دەست پێکردووە لەبەر ئەوەی چەند یارییەک لەم وەرزەدا هەر لە چرکەکانی سەرەتادا تۆڕی گۆڵەکەی کراوەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button