راپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئەو چوار یاریزانەی یاساکانی تۆپی پێیان گۆڕی

یاریگا –

هاندەرانی تۆپی پێ لە ماوەی مێژووی 150 ساڵەی ئەم یارییەدا، گۆڕانکاری زۆریان لە یاساکانی بەناوبانگترین وەرزشی جیهاندا بینیوە. IFAB (دەستەی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی) ساڵانە یاساکانی تۆپی پێ نوێ دەکاتەوە و فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان لە هەر گۆڕانکارییەک لە یاسا نوێیەکان ئاگادار دەکاتەوە.

بە تێپەڕبوونی کات، تۆپی پێ نەک هەر گۆڕانکارییەکی زۆری لە شێوە و شێواز و تاکتیکی یارییەکەدا بەخۆیەوە بینیوە، بەڵکو لە دوای پێکهێنانی IFAB لە ساڵی 1886ەوە، یاسا و رێسای جیاوازی ئەزموون کردووە. هەر لە گۆڕانکاری لە یاساکانی ئاوت و گۆشە و گۆڕانکارییەکانی بۆ یاساکانی ناوبژیوانی و کات بەفیڕۆدان و لێدانی سزا و گۆڵ قبووڵ کردن و ئۆفساید.

بەڵام چەند یاریزانێک هەبوون کە گۆڕانکاری گرنگیان لە یاساکانی تۆپی پێدا دروستکردووە بە ئەنجامدانی رەفتارێکی دیاریکراو لە یاریگادا، ئێمەش چوار لە بەناوبانگترین ئەو یاسایانەتان بۆ باس دەکەین کە بە هۆی رەفتاری یاریزانانەوە گۆڕدراون.

پیتەر شمایکڵ، گۆڕینی یاسای پاس دان بۆ پشتەوە بۆ گۆڵپارێز

یۆرۆی 1992

یاری کۆتایی یۆرۆی 1992، هەڵبژاردەی دانیمارک بە دوو گۆڵ لە پێش هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بوو. لە کاتێکدا ئەڵمانییەکان بێ تاقەت بوون بۆ وەرگرتنەوەی تۆپ و هێرش بردن، شمایکلی گۆڵپارێز لەناو یاریگادا کاتی بەفیڕۆ دەدا، تۆپەکەی بۆ بەرگریکارەکان دەنارد و بەرگریکارەکان بە پێچەوانەوە تۆپەکەیان بۆ پاس دەکردەوە و لە بەرامبەردا ئەویش تۆپەکەی لە باوەش دەگرت.

ئەم پرۆسەیە تا کۆتایی یارییەکە دووبارە بووەوە و کاتێکی زۆر بەفیڕۆ چوو. ناڕەزایەتییەکانی هاندەران و ئەڵمانییەکان دوای فیکەی کۆتایی ناوبژیوان وایکرد فیفا بڕیاربدات گۆڕانکاری لە یاسای پاس ناردنی تۆپ بۆ دواوە و لە باوەش کردنی لەلایەن گۆڵپارێزەوە بکات. لە راستیدا فیفا دوو ساڵ پێش و دوای مۆندیالی 1990 گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیەی لەبەرچاو گرت، بەڵام یاریی کۆتایی یۆرۆ 1992 بوو بە بیانوویەک بۆ جێبەجێکردنی گشتگیرانەی ئەم یاسایە لە هەموو یارییەکانی تۆپی پێدا لە سەرتاسەری جیهان.

دیێگۆ فۆرلان، کارتی زەرد بۆ داکەندنی درێس لە کاتی گۆڵ کردن

تشرینی دووەمی 2002/ یاریگای ئۆڵدترافۆرد / مانچستەر یونایتد 2 – ساوسهامپتۆن 1

لە کاتێکدا یارییەکە یەکسان بوو، مانچستەر یونایتد، پێشەنگی پرێمەرلیگ بوو، هەفتەیەک پێشووتریش بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا یەکسانبوونێکی نائومێدکەری هەبوو، و لەبەردەم هاندەرانیدا و لە یاریگای خۆی شەڕی سەرکەوتنی دەکرد.

کاتی ئەوە هات یەکێک لە گۆڕانکارییە زێڕینەکانی فێرگسۆن ئەنجام بدرێت. دیێگۆ فۆرلان لە کورسی یەدەگەوە هەڵدەستێت و دەچێتە ناو یاریگا. لە دوای هێرشە یەک لەدوای یەکەکان فۆرلان توانی گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکات و مانچێستەر یونایتد پێش بخات. فۆرلان لە دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لە خۆشیان درێسەکەی داکەناند.

لە کاتێکدا دیێگۆ فۆرلان هێشتا درێسەکەی لەبەر نەکردبووەوە، ساوسهامپتۆن بە خێرایی یارییەکەی دەستپێکردەوە. هێرشی خێرا و هەمەلایەنەکەیان وای لە فۆرلان کرد واز لە درێسێکەی بهێنێت، و بە بێ درێس بگەڕێتەوە و بەرگری لە تۆری گۆڵی تیپەکەی بکات.

بەهۆی نەبوونی یاسا لەم بوارەدا ناوبژیوان درێژە بە یارییەکە دەدات و دوای چەند خولەکێک کاتێک هێرشی ساوسهامپتۆن بەرپەرچ دەدرێتەوە، فۆرلان درێسەکەی لەبەر دەکاتەوە. ئەم رووداوە بووە هۆی گۆڕانکاری لە یاساکە و ناوبژیوانان ناچار بوون سزای ئەو یاریزانانە بدەن کە درێسەکانیان دادەکەنن لەکاتی ئاهەنگ گێڕان بۆ تۆمار کردنی گۆڵ بە کارتی زەرد بە مەبەستی رێگریکردن لە پشێوی.

فرانک لامپارد، یاسای هێڵی گۆڵ

مۆندیالی 2010/ قۆناغی 8 / ئەڵمانیا 4 – ئینگلتەرا 1

لە گێمی یەکەمدا ئەڵمانیا بە دوو گۆڵ لە پێش رکابەرە کۆنەکەیەوە بوو، دواجار ئینگلتەرا سەرکەوتوو بوو یەکێک لە گۆڵەکان قەرەبوو بکاتەوە. یارییەکە لە گێمی دووەمدا بە هێرشێکی سەرتاسەری یاریزانە ئینگلیزەکان بۆ سەر گۆڵی ئەڵمانی دەستیپێکرد و لە یەکێک لە هێرشەکانیشدا لامپارد لێدانێکی بەهێزی بەرەو گۆڵی ئەڵمانیا نارد و تۆپەکە بەر ستونی گۆڵەکە  کەوت و نزیکەی سی سانتیمەتر لە پشت هێڵی گۆڵەوە نیشتەوە و دواتر گەڕایەوە بۆ ناو یاریگا.

لاریندا، ناوبژیوانی ئۆرۆگوای ئەم یارییە، بە بڕیارێکی مشتومڕاوی، فەرمانی بە بەردەوامبوونی یارییەکە کرد. ناڕەزایی ئینگلیزەکانی بەدواوە بوو. ئەو یارییەش کە دەکرا بە یەکسانبوون و دواتر تەنانەت بە سەرکەوتنی ئینگلیزەکان کۆتایی پێبێت، بەو دوو گۆڵەی مۆلەر تۆماریکرد و ئەنجامەکەی 4-1 لە بەرژەوەندی ئەڵمانییەکان کۆتایی پێهات.

بڕیارەکەی ناوبژیوانی بەناوبانگی ئۆرۆگوای ئەوەندە مشتومڕی لەسەر بوو کە دواتر فیفای ناچار کرد داوای لێبوردن بکات. ساڵانێک لەمەوبەر پێشنیاری بەکارهێنانی هەستەوەری ئەلیکترۆنی لە تۆپی تۆپی پێدا درایە فیفا. فیفا هەمیشە بە گرتنەبەری هەڵوێستی کۆنەپەرستانە دژی جێبەجێکردنی ئەم پلانە بوو. بەڵام گۆڵە لەدەستچووەکەی لامپارد وایکرد جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە پلانەکەدا بکرێت و بەکارهێنانی هەستەوەر لە تۆپدا لە ساڵی 2012 پەسەندکرا.

ئەم تەکنەلۆجیایە بۆ یەکەمجار لە یاری نێوان هیرۆشیمای ژاپۆن و ئۆکلاند سیتی لە جامی جیهانی یانەکانی 2012 بەکارهێنرا.

ئیمیلیانۆ مارتینێز، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵسوکەوتی گۆڵپارێزەکان لەکاتی لێدانی سزا

ئێمیلیانۆ مارتینێز، خاوەنی مۆندیال، یەکێکە لە خۆشەوسیتترین کەسایەتییەکان لە ئەرجەنتین، بەڵام زۆربەی هەوادارانی وەرزشی حەزیان بە چارەی نییە. مارتینێز، ئاستێکی نایابی لە لێدانی سزا لە یارییە کۆتاییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا پێشکەش کرد و بووە هۆی ئەوەی ئەرجەنتین ببێتە پاڵەوانی جامی ئەمریکای 2021 و جامی جیهانی 2022. بەڵام بەهۆی رەفتارە خراپەکانی و بێڕێزییەکانی لە کاتی لێدانی سزا بەرامبەر یاریزانانی هەڵبژاردەی بەرامبەر، بەتایبەتی لە یاری کۆتایی مۆندیال بەرامبەر فەرەنسا، وایکرد فیفا یاسای نوێ دەربکات تاوەکوو بەهۆی رەفتاری گۆڵپارێزەکانەوە تەرکیزی یاریزانەکان لەکاتی لێدانی سزا تێک نەچێت.

بەپێی ئەم یاسایانە گۆڵپارێزەکان مافی ئەوەیان نییە دەست لە ستونی گۆڵ و تۆڕەکە بدەن لەکاتی لێدانی سزادا و بۆیان نییە لەگەڵ یاریزانی بەرامبەر قسە بکەن. هەروەها لە یاسا نوێیەکەدا گۆڵپارێزان لە کاتی بێڕێزی کردن بە یاریزانانی بەرامبەر و سەرقاڵ کردنیان سزا دەدرێن.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button