ئیتاڵیائینگلتەرا

گواردیۆلا کێ بە نمونەی باڵای خۆی دەزانێت

یاریگا –

پیپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، بابەتێکی درێژی نووسیوە و تێیدا ئاریگۆ ساکی وەک یەکێک لە نمونە باڵاکانی خۆی لە راهێنەرایەتی ناوبردووە.

پێپ گواردیۆلا، لەم بابەتەدا کە ئەمڕۆ رۆژنامەی لاگازیتا دێلۆ سپۆرت ئیتاڵی بڵاوی کردووەتەوە باسی کردووە کە چۆن ئاریگۆ ساکی لەتۆپی پێدا گۆڕانکاری درووست کردووە و چ داهاتوویەکی گەش بۆ سێریا ئەی پێشبینی دەکات.

گواردیۆلا لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردۆتەوە، نوسیویەتی:

یەکەمجار ساکیم لە ساڵی 1987 بینی، ئەوکات مناڵ بووم لە ئەکادیمیای بارسێلۆنا یاریم دەکرد، میلان لە سەردەمی خاڤیێر کلیمەنتی هاتە کەتەلۆنیا  تاوەکوو لە جامی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر ئیسپانیۆل یاری بکات، لەو کاتەدا کەم کەس تۆپی پێی ئیتاڵیای دەناسی، ئەوکاتە وەک ئەمڕۆ نەبوو کە لە تیڤی سەیری یارییەکان بکەین. کەس بە خەیاڵیدا نەدەهات میلان کە لەلایەن ئیسپانیۆلەوە شکستی هێنا، لەو وەرزەدا نازناوی سکودێتۆی بەدەست بهێنێت. شتێک کە زۆر روون بوو، هەموو هاندەرەکانی بارسێلۆنا لە وەرزی دواتردا پاڵپشتی تیپەکەی ئاریگۆیان دەکرد، کاتێک لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ریال مەدریدیان بردەوە.

لە درێژەی باباتەکەیدا نووسیویەتی:

تۆپی پێ تا ئەو کاتەی کێبڕکێیەکە توندوتیژی تێدا نەبێت، باشە. میلان لەو وەرزەدا لە کامپ نۆ جامی بەدەستهێنا. هەر بۆیە ئاریگۆ نەریت شکێن بوو. تۆپی پێی ئەو سەرنجڕاکێش و سەرکەوتوو بوو. خۆزگە دەکرا زیاتر راهێنەرایەتی کردبا چونکە زۆرێک لە راهێنەرەکان بە خۆمەوە، خوێندنەوەمان بۆ شێوازەکانی ئەو کردووە و بەکارمان هێناوە. کاتێک ئەمە روودەدات مانای ئەوەیە کە شتێکی تایبەتت بەجێهێشتووە. بیر لە رێکخستنی بەرگری و ئۆفساید و تیپێک بکەیتەوە کە 40 مەتر لە پێش ئەوانی تر بێت. سیستەمێکی داهێنەرانەی داهێنا. نازانم ئاریگۆ وەک من گەشبینە یان نا، بەڵام بە دڵنیاییەوە دڵخۆش دەبێت کە زۆرێک لە راهێنەرانی ئەمڕۆ وانەکانی بە باشی فێربوون.

گواردیۆلا سەبارەت بەم راهێنەرە درێژەی بە نووسینەکەی داوە و دەڵێت:

هەموو ئەو یاریزانانەی دەیانویست ببنە راهێنەر دەیانویست بە وردی بنەماکانی ساکی بزانن، لەبیرمە یەکەم جار لە ساڵی 2001 بە شێوەیەکی راستەوخۆ چاوم پێی کەوت من لە برێشا بووم، بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ یەکترمان بینی و تەنها ویستم باسی ستراتیژەکان بکەم، بەڵام پێشبینیم کرد کە برسی ببێت، چونکە کاتێکی زیاترمان لە تاکتیکدا بەسەر دەبرد نەک خواردن بۆ ئەوەی لەگەڵیدا نانی نیوەڕۆ بخۆین، لە ساڵانی دواتردا کە بوومە راهێنەری بارسێلۆنا، بەردەوام بووین لە قسەکردن و تا ئێستاش قسە دەکەین، هێشتا رێزێکی زۆر لە نێوانماندا هەیە.

پیپ بە ئاماژەدان بە دۆخی ئێستای تۆپی پێی ئیتاڵیا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

هەست دەکەم تۆپی پێی ئیتاڵیا لەم رۆژانەدا لە چاو پێشووتر شەڕانگێزترە، زۆرێک لە راهێنەرەکان پێیان باشترە هێرش بکەن لەبری ئەوەی چاوەڕێی شتێک بکەن یان هەڵەیەک لەلایەن یاریزانانی بەرامبەرەوە، ئەوان تەنها دەیانەوێت بەمشێوەیە سەرکوتن بەدەست بهێنن.

پێپ گواردیۆلا لەگەڵ مانچێستەر سیتی وەرزی رابردوو یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا. هەروەها لە ساڵی 2021 گەیشتە یاری کۆتایی بەڵام لە بەرامبەر چێڵسی وەستێندرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button