ئه‌ڵمانیا

مولەر: هاری کەین لە هۆتێلدا پێویستی بە ژوورێکی ترە

یاریگا –

تۆماس مۆلەر، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن دەڵێت: هاری کەین گەر بەردەوام بێت لە هاتریک کردن بۆ هەڵگرتنی تۆپە یادگارییەکانی، لە هۆتێلدا پێویستی بە ژوورێکیتر دەبێت.

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئەمشەو لە یەکێک لە هەستیارترین یارییەکانی بۆندسلیگا کە بە دێرکلاسیکێر ناسراوەلە لە یاریگای سیگناڵ ئیدۆنا پارک رووبەڕووی دۆرتمۆند بوویەوە. بە پێچەوانەی پێشبینییەکان ئەم یارییە یارییەکی قورس نەبوو و لە دە خولەکی یەکەمدا بایرن بە پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرزتر 2 گۆڵی تۆمارکرد و دواجار بە ئەنجامی 4-0 لە رکابەرە دێرینەکەی بردەوە.

خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم یارییە، سێیەم هاتریکی هاری کەین بوو لەگەڵ بایرن، ئەمەش وایکرد ئەم یاریزانە بگاتە ریکۆردی 15 گۆڵ لە 10 یاری یەکەمی بۆندسلیگادا. تۆماس مۆلەر سەبارەت بەوەی هاری کەین تۆپێکی دیکەی یارییەکەی بردە ژووری هۆتێلەکەی بە کەینی گوت:

ژووری هۆتێلەکەت بچووک و بچووکتر دەبێتەوە، پێویستت بەژورێکیترە.

مانوێل نۆیەر پێی وایە کە تیپەکەی هێواش هێواش لە باشترین فۆڕمی خۆی نزیک دەبێتەوە و لە دوای یارییەکە گوتی:

گرنگ نییە تا ئێستا لە خولەکەدا چی روویداوە، هەموو یاریزانێکی تۆپی پێ و هەموو هاندەرێک بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی دێر کلاسیکەر دەکەن. ئەمڕۆ ئێمە لە یارییەکەدا ئاستی راستەقینەی خۆمان نیشان دا، ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە باشی دەستمان پێکرد و تیپی بەرامبەرمان کۆنترۆڵ کردبوو، بەو خێراییەی کر هەمان بوو توانیمان لە رکابەرەکەمان ببەینەوە.

بایرن میونشنی پاڵەوانی یارییەکە بە کۆکردنەوە 26 خاڵ لە پلەی دووەم دایەوە و یانەی دۆرتمۆندی میواندار بە 21 خاڵ لە پلەی چوارەمی رێزبەندیەکەدا دێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button