ئیتاڵیا

پۆگبا رەنگە دوو ساڵ سڕبکرێت

دادگاییەکەی پاوڵ پۆگبا دەست پێدەکات و ئەگەری سڕکردنی هەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ.

ماوەی 50 رۆژ تێپەڕیووە بەسەر ئاشکرابوونی بەکارهێنانی ماددەی ووزەبەخش لەلایەن ناوەڕاستکارە فەڕەنسییەکەوە. سەرەتا بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرا تاوەکو ئەنجامی پشکنینەکان پشت راستکرانەوە دواتریش بەفەرمی راگەیەندرا پۆگبا مادەی ووزەبەخشی بەکارهێناوە.

بەگوێرەی گازیتا دیلۆ سپۆرت، ئەو هەڵەیەی پۆگبا سزاکەی دەکرێت بگاتە چوار ساڵ، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی بڕەکەی کەمبووە و خودی یاریزانەکەش سوورە لەسەر ئەوەی نەیزانیووە ئەو خواردنەوەیە مادەی ووزەبەخشی تێدابووە، چاوەڕواندەکرێت دادگا بڕیاری سڕکردنی بدات بۆ دوو ساڵ.

پۆگبا داوای کردبوو دادگای سەرپێی تۆپی پێ پێداچوونەوە بۆ بابەتەکە بکات بەڵام هەرزوو داواکەی رەتکرایەوە چونکە ئاژانسی دژە مادەی ووزەبەخش رێگەی بە پێداچوونەوەکە نەدا، ئەمەش مانای ئەوەیە راستەوخۆ لە دادگا کەیسەکە یەکلادەکرێتەوە یاخود پۆگبا دەتوانێت دان بە تاواناکەیدا بنێت و لەگەڵ لێکۆڵەرەوەکان لەسەر سزایەک رێکبکەون.

پۆگبا لەم وەرزەدا تەنها 52 خولەک یاری کردووە و وەرزی رابردووش 161 خولەک. ئەمە لە کاتێکدا تاوەکو بەر لە سزای ماددەی ووزەبەخشەکە خاوەنی مووچەی ساڵانەی 10 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام دوای تۆمەتبارکردنی، یوڤێنۆس مووچەکەی کەمکردەوە بۆ تەنها دوو هەزار یۆرۆ!

بابەتی زیاتر

Back to top button