یاریگا –
لالیگا لێکۆڵینەوەی لە هەڵسوکەوتی بەشێک لە هاندەرانی بارسێلۆنا لە بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر لە یاری کلاسیکۆدا دەکات.
چەند ڤیدیۆییەک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبوونەتەوە و تیایدا، هاندەرانی بارسێلۆنا وشەی رەگەزپەرستی لە بەرامبەر ڤینیسیۆس بەکاردەهێنن و تەنانەت لە کاتی یارییەکەدا، مۆزێک بۆ ڤینی فڕێدراوەتەوە نێو یاریگا.
لالیگا هەر زوو پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکانی یارییەکە دەستپێکردووە و ئێستا لەگەڵ پۆلیسی بارسێلۆنا، کار لەسەر دەستنیشانکردنی گومانلێکراوان دەکەن. لە بەیاننامەکەی لالیگادا هاتووە
لالیگا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەکات و هەوڵی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانە دەکات، کە کاری رەگەزپەرستیان کردووە، تەواوی بەڵگەکانیش وەک هاوپێچ بۆ دادگای دەنێرین. ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی کاتالۆنیا کار لەسەر کەیسەکە دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە، بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکدا دووپاتیکردەوە، خەریکی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە
بارسێلۆنا بەردەوام بەرگری لە بەهاکانی تۆپی پێ و وەرزش دەکات. رێز لە رکابەرانمان دەگرین و لێکۆڵینەوە لە هەر رووداوێکی رەگەزپەرستی دەکەین کە لەیارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید روویداوە.
لە ماوەی رابردوودا، ڤینیسیۆس بەردەوام بووەتە قوربانی هێرشە رەگەزپەرستییەکان لە یاریگاکانی ئیسپانیا.
بەلانی کەمەوە، لە وەرزی رابردوودا، 9 سکاڵای پەیوەندیدار بە رەگەزپەرستییەوە ئاراستەی دادگای بارسێلۆنا کرا.
لە وەرزی رابردوودا و لە یاری نێوان ڤالێنسیا و ریال مەدرید، هاندەران کردەوەی رەگەزپەرستی توندیان لە بەرامبەر ڤینیسیۆس نواند و لە کاردانەوەی یەکەمدا، ڤینیسیۆس روونیکردەوە، لالیگا سەر بە رەگەزپەرستانە.