ئه‌مریکاگرنگترین

تاوەکو ئێستا مێسی ریکۆردی خەڵاتی باڵۆن دۆری نەشکاندووە

یاریگا –

بە گوێرەی راپۆرتە جیاوازەکان بێت، لیۆنێل مێسی هەشتەم خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستدەهێنێت، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

مێسی و ئێرلینگ هالاند، دوو رکابەری سەرەکی بەدەستهێنانی خەڵاتەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی مێسی نازناوی مۆندیالی 2022 بەدەستهێناوە، تەرازووەکە بەلای ئەودا شکاوەتەوە.

مێسی خاوەنی حەوت خەڵاتی باڵۆن دۆرە و کەس بەقەد ئەو ئەم خەڵاتەی بەدەستنەهێناوە، بۆیە هەڵگری ریکۆردەکەیە. بەڵام رەنگە چەندین کەس هەبن، پێچەوانەی ئەم بیرۆکەیە بن و پێیان وایە مێسی تاوەکو ئێستا ریکۆردەکەی نەشکاندووە.

تاوەکو ساڵی 1995 باڵۆن دۆر بەو یاریزانانە نەدەدرا کە لە ئەمریکای باشوور یارین دەکرد، لە ساڵی 2016 گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ کە رێکخەری خەڵاتەکەن، هەڵسەنگاندنێکی فراوانیان بۆ مێژوو کرد. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت، پێلێی بەرازیلی شایەنی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵەکانی (1958, 1959, 1960, 1961, 1963, 1964 و 1970) بووە، واتە دەبووە خاوەنی حەوت خەڵات و بەمەش ژمارەکەی لەگەڵ ژمارەی ئێستای مێسی یەکسان دەکردەوە.

مێسی دەبێ هەشتەمین خەڵات بەدەستبهێنێت، ئینجا ریکۆردەکە بە ناوی خۆیەوە دەکات. لە بەرامبەر هالاند پاڵێوراوێکی بەهێزە، چونکە لە وەرزی رابردوودا سێ نازناوی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەدەستهێنا و لە کۆی 53 یاریدا توانی 52 گۆڵ بکات.

مانگی داهاتوو جارێکی دیکە مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەشداری لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026دا دەکات. بڕیارە بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئوروگوای و بەرازیل بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button