چامپیۆنزلیگ

هالاند ژمارەیەکی پێوانەیی ئێمباپێ دەشکێنێت

یاریگا –

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ژمارەی پێوانەیی کیلیان ئێمباپێی شکاند و بووە لاوترین یاریزان کە 37 گۆڵ لە چامپیۆنزلیگ تۆمار بکات.

شەوی رابردوو لە یاری سێیەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی رووبەڕووی یۆنگ بۆیز بووەوە و توانی بە ئەنجامی 1-3 لەم تیپە بباتەوە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا هالاند بەهۆی ئەوەی نەیدەتوانی گۆڵی رکابەرەکانی بکاتەوە رووبەڕووی شەپۆلێکی رەخنە ببۆوە، بەڵام ئەم فشارانە نەیانتوانی کاریگەریان لەسەر ئاستی هەبێت و ئەم یاریزانە توانی ببێتە پارچەی سەرەکی و تاکە ئەستێرەی تیپەکەی لە سەرکەوتنی یاری شەوی رابردوویاندا.

لە کاتێکدا یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 یەکسان بوو، ئەستێرە نەرویجییەکە توانی دوو گۆڵ بۆ تیپەکەی تۆمار بکات و لەم یارییەدا سێ خاڵی بەنرخ بۆ یانەکەی بەدەست بهێنێت.

ئەم دوو گۆڵە بۆ هالاند زۆر گرنگ بوون. بەم دووانە جارێکی دیکە ناوی خۆی لە کتێبی ژمارە پێوانەییەکان تۆمار کرد و ئێستا لە تەمەنی 23 ساڵ و 96 رۆژدا بووەتە لاوترین یاریزان کە 37 گۆڵ لە چامپیۆنزلیگ تۆمار بکات.

ئەم ریکۆردە پێشتر لەلایەن ئێمباپێوە تۆمار کرابوو، کە توانی بە 23 ساڵ و 295 رۆژ ئامارێکی لەو شێوەیە بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەم ئەستێرەیەی پاریس سانجێرمان ئێستا لە پلەی دووەمدایە.

هالاند لە وەرزی رابردوودا بووە بچووکترین یاریزان کە 30 گۆڵی لە چامپیۆنزلیگ تۆمارکردبێت، لەم بوارەدا پێش ئێمباپێ کەوتووە، ئێستاش پلانی هەیە یەک بە یەک ژمارەی پێوانەییەکان بشکێنێت و بەم شێوەیە رەحم بە هیچ یاریزانێک ناکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button