سەردەمانێک دەیگوت ئەو پادشای تۆپی پێ یە و دوای وازهێنانیش بە نیازی راهێنەرایەتی دانیمارک بوو، بەڵام ئێستا نیکڵاس بێندتنەر بووەتە گاڵتەجاڕ (کلاون).
بێندتنەری هێرشبەری پێشووی ئارسناڵ ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد ئەوکاتەی لە باکووری لەندەن یاری دەکرد، بەڵام خۆری ئەستێرەیی هەرزوو ئاوا بوو. هەرچەندە دوای جێهێشتنی ئارسناڵ لە 2014دا یاری بۆ یانەکانی یوڤێنتۆس، وۆلڤسبۆرگ و رۆزنبیرگ و کۆپنهاگن ئەنجامدا بەڵام تەمەنی تەنها 31 ساڵ بوو کە وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند لە 2019دا.
ناوبراو ئەوکات رایگەیاند بۆ ئەوە وازدەهێنێت کە ببێتە راهێنەر بەڵام دوای چوار ساڵ، ئێستا بەرنامەیەکی کۆمێدی بەڕێوەدەبات بە ناوی “نیکڵاس پڕانکەر” لە ئەمازۆن پڕایم. تێیدا سیناریۆی کۆمێدی دروست دەکات و کەسایەتییە دیارەکان دەخاتە دۆخێکی ئابڕووبەر. لە نێویاندا خۆی وەکو گاڵتەجاڕ و زۆر شتی دیکە دەگۆڕێت بەپێی سیناریۆی پڕۆگرامەکە.