ئینگلتەرا

هاری ماگوایەر: بێکهام تاکە کەس بوو پاڵپشتی کردم

یاریگا –

هاری ماگوایەری ئەستێرەی یانەی مانچستەر یونایتد دەڵێت، دەیڤد بێکهام تاکە کەس بووە کە پەیوەندی پێوە کردووە و پشتگیری کردووە سەبارەت بەو بارودۆخەی کە ماوەی پێش لەناوی بوو و لەلایەن کۆمەڵگاوە سوکایەتی پێ دەکرا.

بێکهام لە مۆندیالی 1998ی فەرەنسا بەهۆی فاوڵێکەوە بە کارتی سوور لە یاریگا کرایە دەرەوە، ئەمەش بووە هۆی هێرشکردن و سوکایەتی پێکردنی لەلایەن خەڵکی ئینگەڵتەراوە.

ئەو و ڤیکتۆریا بێکهامی هاوسەری، تاوەکوو ئێستا بە دڵتەنگییەوە باسی ئەم رووداوە دەکەن و ئەم رووداوەیان بە یەکێک لە ناخۆشترین یادگارییەکانی ژیانیان دەزانن، چونکە بۆ هەر شوێنێک رۆیشتبان، لەلایەن خەڵکی ئەم وڵاتەوە سووکایەتییان پێدەکرا و هەراسان دەکران.

ئاستە خراپەکەی ماگوایەر لە مانچستەر یونایتد بووە هۆی دووبارەبوونەوەی دۆخێکی هاوشێوە لە ئینگەڵتەرا. تەنانەت ئەم یاریزانە هەڕەشەی ئەوەی لێدەکرا کە بۆمبێک لە ماڵەکەیدا دادەنرێت، ئەمەش وایکرد ناچار بێت لەگەڵ هاوسەرەکەی ماڵەکە بەجێبهێڵێت.

ئەم بەرگریکارە ئینگلیزییە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان سەبارەت بە پاڵپشتی بێکهام لە تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخانەدا گوتی:

دیارە لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر باسی من دەکەن، بەڵام لە فیلمە دێکیۆمینتارییەکەیدا بینیم کە بە چیدا تێپەڕیوە و ئەو خۆڕاگرییەی کە هەیبووە بەڕاستی بۆمن ئیلهامبەخش بوو. دوای یارییەکەی بەرامبەر سکۆتلەندا پەیوەندی پێوە کردم. ئەو هەموو کات لە پەیوەندیدایە لەگەڵم، بۆ ئەمەش سوپاسی دەکەم.

ماگوایەر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

من پێم خۆش نییە زۆر بچمە ناو وردەکارییەوە، بەڵام شتە سەرەکییەکە ئەوە بوو کە لەم دۆخەدا ئەو کاتە خۆشانەی بیرم هێنایەوە کە بەسەرم بردووە. ئەو پێشتر بەم بارودۆخەدا تێپەڕیوە و هەستم پێدەکات. بەڕاستی ئەو نمونەیەکی گەورەیە بۆ هەموو یاریزانانی نەوەی من.

بابەتی زیاتر

Back to top button