ئه‌مریکا

واین روونی ماڵئاوایی لە خولی ئەمریکی دەکات

یاریگا –

واین روونی، ئەفسانەی یانەی مانچێستەر یونایتد و هەڵژاردەی ئینگلتەرا، هاوکارییەکانی لەگەڵ یانەی دی سی یونایتد کۆتایی پێهێنا.

دی سی یونایتد بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، لە چوارچێوەی خولی تۆپی پێی ئەمریکادا رووبەڕووی یانەی نیویۆرک سیتی بووەوە و بە ئەنجامی 0-2 بەرامبەر ئەم تیپە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بەڵام ئەم سەرکەوتنە بەس نەبوو بۆ ئەوەی بۆ قۆناغی پلەی ئۆفی ئەم رکابەرییە سەربکەون و ئەم تیپەش بۆ چوارەم وەرزی لەسەریەک نەیتوانی بگاتە ئەم قۆناغە و هەر دوای کۆتایی ئەم یارییە بوو کە بڕیارێکی گرنگ لەلایەن رۆنی و بەڕێوبەرانی یانەکە راگەیەندرا.

بەفەرمی  لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند کە گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی هاوبەش بۆ کۆتایی پێهێنان بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ یەکتر و دوای ئەم یارییە کە دوا یاری ئەم وەرزە بوو بۆ دی سی یونایتد، رۆنی دەستی لە سەرکردایەتی ئەم تیپە کێشایەوە.

روونی لە مانگی تەمموزی 2022 سەرکردایەتی ئەم تیپەی گرتە ئەستۆ کە پێشتر لە ساڵانی 2018 و 2019 یاری بۆ کردبوو، هەروەها ئاستێکی قبوڵکراوی پێشکەش کرد. لەم وەرزەدا توانیان بە سەرکردایەتی رۆنی 13 خاڵ زیاتر لە وەرزی رابردوو کۆ بکەنەوە.

دوای یارییەکە روونی بە ئەتلەتیکی راگەیاند:

ئێستا کاتی گونجاوە بۆ رۆشتن. هەموو هەوڵێکم دا بۆ ئەوەی ئەم تیپە بگەیەنمە قۆناغی کۆتایی. بابەتەکە ئەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەیە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ جیا بوونەوە. لە داهاتووشدا نازانم چی روودەدات، زۆر هەواڵم لە میدیاکان بینیوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پلانێکی تایبەتم نییە.

پێشتریش باس لەوە کرابوو کە روونی بەنیازە بگەڕێتەوە خولی ئینگلیزی بۆ ئەوەی جارێکیتر بەردەوام بێت لە پۆستی راهێنەرایەتی، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ئامانجی داهاتووی کام یانە دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button