ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئانچێلۆتی، بێڵینگهام هێرشبەر نییە و دێربی بۆ تاقیکردنەوەی پێکهاتەی نوێ نییە

یاریگا و گۆڵ –

کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید هەوڵیدا لە یاری دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، شێوازێکی نوێی تاقیبکاتەوە، ئەویش بە دانانی پێنج ناوەڕاستکار، بەڵام لۆس بلانکۆس دێربی مەدریدی بە ئەنجامی 3-1 دۆڕاند.

لە چەند ساڵی رابردوودا، ئانچێلۆتی زۆر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ یارییە گەورە و هەستیارەکاندا دەکرد و خۆی لە تاقیکردنەوەی شێوازی نوێی یاری کردن دەپاراست. راستە کارلۆ فەلسەفەیەکی تایبەتی هەیە و سیستمێکی تۆکمەی لە مەدرید دروستکردووە، بەڵام هیچ سیستمێک بەبێ هەڵە و کەموکوڕی نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، دەستبردنە بۆ گۆڕانکاری گەورە لە دێربییەک، کە تەنانەت هەڵەی بچووکیش قبووڵکراو نییە.

لە یارییەکەی مێترۆپۆلیتانۆ، ئانچێلۆتی تووشی هەڵەیەکی زەق بووەوە، کاتێک گۆڕانکارییەکی گەورەی لە شێوازی یاریکردنی ریال مەدرید پەیڕەو کرد، ئەمەش بووە هۆی شێوانی تیمەکە لە کاتی هێرشە پێچەوانەکانی ئاتلێتیکۆ، کە توانی سێ گۆڵی نزیک لەیەک بکات.

کێشەکان روونبوون، ئاتلێتیکۆ توانی زۆر بە نەرمی یارییەکە بسووڕێنێت و تەواوی هێرشەکانی لە باڵی چەپ چڕبکاتەوە، ساموێڵ لینۆ، بەرگریکاری باڵی چەپی ئاتلێتیکۆ، ئاستێکی نموونەیی پێشکەش کرد و توانی بە باشی مامەڵە لەگەڵ رێنماییەکانی دیێگۆ سیمیۆنی بکات. چونکە لینۆ بەردەوام بۆشایی دروست دەکرد، ئەمەش شڵەژانی بۆ بەرگریکاری مەدرید دروستکرد، هەر ئەم هەوڵانەش، گۆڵی یەکەمی یارییەکەی لەڕێگەی ئالڤارۆ مۆراتای لێ بەرهەم هات.

لۆس رۆخیبلانکۆس، سوودیان لە پێشڕەوییەکانی باڵی چەپە وەرگرتەوە، هەر زوو بە هەمان شێواز و لە باڵی چەپ، سۆڵ نیگوێز، چاوی تیژکردەوە و ئانتوان گریزمانی بینی، کە بەبێ ئەوەی هیچ یاریزانێک چاودێری بکات و (مان تو مان) لەگەڵی بوەستێت، گۆڵی دووەمی زۆر بە ئارامی کرد.

بەڵام با لێرە بە سادەیی باسی گۆڵی سێیەم بکەین، کە زۆر ناوازە بوو، پاس بۆ سۆڵ و جارێکی دیکە بەبێ هیچ فشارێک و لە نێو سێ بەرگریکاری مەدریددا، مۆراتا بەرزبووەوە و گۆڵی سێیەمی ئاتلێتی کرد. بەرگریکارانی مەدرید، دەستیان بۆ یەکتر درێژ دەکرد و یەکتریان بە کەمتەرخەمی تۆمەتبار دەکرد.

بەڵام با بێینە سەر بنچینەی بابەتەکە، ئانچێلۆتی بە پێنج ناوەڕاستکار یاری کرد، بەبێ ئەوەی هیچ هێرشبەرێکی سەرەڕم دیاری بکات. جود بێڵینگهام کە بێگومان ئەستێرەی یەکەمی مەدریدی لەم وەرزەدا، خستە باڵی چەپ. ئەوەی جێگەی پرسیارە، لاوازی ئاستی لوکا مۆدریچ بوو، کە دوو یارییە بە سەرەکی یاری دەکات. هێڵی پێشەوەی ریال مەدرید، هیچ مەترسییەکی بۆ سەر گۆڵی یان ئۆبڵاک، دروست نەکرد، تاکە گۆڵی مەدریدییەکان، بە شووتێکی دوورمەودای تۆنی کرووس کرا. کە هیچ پەیوەندی بە شێوازی یاری کردنەکەی ئانچێلۆتییەوە نەبوو، بەڵکو ژیری ئەستێرە ئەڵمانییەکە، گۆڵەکەی یەکلاییکردەوە.

ئانچێلۆتی، درەنگ بڕیاری گۆڕینی شێوازی یارییەکەیدا و پێکهاتەکەی بۆ 4-4-2 گۆڕی، کە ئەمە دڵخوازی مەدریدە و لەم وەرزەدا، باشترین ئەنجامی بەم شێوازە بەدەستهێنا. بەڵام مەدرید باجی هەڵە تەکنیکییەکانی گێمی یەکەمیدا، بە تایبەت لەڕووی بەرگرییەوە، یەکێک لە خراپترین یارییەکانی سەردەمی کارلۆ بوو.

پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، چۆن لە یارییەکی وا هەستیاردا، شێوازی یاری بێڵینگهام دەگۆڕیت؟ چونکە ئەستێرە ئینگلیزییەکە یەکەمجارە بەشداری لە دێربی مەدرید دەکات، دێربییەکە کە پڕە لە توند و تیژی، تاوەکو فێری وردەکارییەکانی دەبیت، پێویستە تەنیا ئەرکە سەرەکییەکان جێبەچی بکەیت، نەک ئەرکی نوێی لەسەر تاقیبکەیتەوە. کارلۆ دەبێ لەوە تێبگات، بێڵینگهام، هێرشبەری باڵی چەپە نییە.

دەیڤد ئالابا، خراپترین یاریزانی یارییەکە بوو، تەنانەت بەرپرسیارەتی هەردوو گۆڵەکەی مۆراتا لە ئەستۆی ئەوە. ئەوەی روونبوو، سستی پەیوەندیی و نزیکی بوو لە ئانتۆنی رودیگەر، کە مۆراتا و گریزمان بە باشترین شێوە، ئەم دوورکەوتنەوەیان قۆستەوە و بۆشایی زۆریان دروستکرد. ئالابا یەکێک لە خراپترین یارییەکانی لەگەڵ مەدرید کرد، ئەم یارییە بۆ لەیادکردنە و هیچی دیکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button