ئیسپانیا

تۆنی کروس باسی تواناکانی ئاردا گولەر دەکات

یاریگا –

تۆنی کرۆس، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید ستایشی ئاستی فێربوون و توانای ئاردا گولەری کرد بۆ درەوشانەوەی لەم تیپەدا.

گولەر یەکێک بوو لەو یاریزانانەی کە زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا بیریان لەوە دەکردەوە لە گواستنەوەکانی ئەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵدا بکەن. بەڵام دواجار ئەوە ریال مەدرید بوو کە توانی لە کێبڕکێ لەگەڵ ئەم یانانەدا بیخاتە تیپەکەیەوە.

هەرچەندە یاریزانە تورکەکە زۆر زوو تووشی پێکان بوو و تا ئێستا نەیتوانیوە لە وەرزی نوێدا لە پێکهاتەی ریال مەدرید یاری بکات، بەڵام پێدەچێت پێشتر لەکاتی مەشقەکاندا سەرنجی یاریزانە گەورە و سەرەکییەکانی ریال مەدریدی بۆ لای خۆی راکێشابێت.

بە پێی راپۆرتێکی مارکا، تۆنی کرۆس سەبارەت بە سەرسامبوونی بە ئاست و تواناکانی ئەم ئەستێرە لاوە، دەڵێت:

ئەو یەکێکە لەو بەهرەمەندانەی کە بەردەوام پرسیار دەکات کە چۆن دەتوانێت راهینان بکات یاخود پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی گەورە و درەوشاوە.

ئەو هەمیشە بەدوای ئامۆژگاری و رێنمایی ئێمەدا دەگەڕێت. زۆر یاریزانی تەمەن 18 ساڵان هەنە کە پێیان وایە ئەوەندە باشن بە هیچ شێوەیەک پێویستیان بە ئامۆژگاری کەس نییە، بەڵام ئاردا دەیەوێت بەردەوام فێر ببێت کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ بەرەوپێش چوونی ئەو.

گولەر لە ئێستادا چارەسەرە پزیشکییەکانی بۆ ئەنجام دەدرێت و پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە بتوانێت بۆ یەکەمجار بە درێسی ریال مەدریدەوە ئەزموونی یاریکردن بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button