ئاسیا

پێرسپۆلیس – نەسڕ| گرنگترین یاریی سەدە بەبێ هاندەر!

یاریگا

بۆ یەکەمجار دوای ساڵانێکی زۆر یانەکانی ئێرانی و سعودی لە یاریگاکان خۆیان پێشوازی لە یەکتری دەکەن.

ئەمشەو کاتژمێر 21:00 لە یەکەم یاریی کۆمەڵەی پێنجەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەکانی پێرسپۆلیسی ئێران و نەسڕی سعودی لە یاریگای ئازادی و بەبێ ئامادەبوونی  هاندەران رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

یانە ئێرانیەکە لە کاتێکدا پێشوازی لە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی دەکات، ئەم وەرزەیان بە باشی دەستپێکردووە و لە کۆی پێنج یاریی سەرەتای وەرز خاوەنی چوار بردنەوە و بەرامبەربونێکن.

سوور پۆشەکان ئەم وەرزە گەورەترین کێشەیان لە هێلی پێشەوە واتە هێرشبەر بووە، هەر چەندە ئەم دواییە هێرشبەرێکی پیشەگەریان گواستووەتەوە، بەڵام گەورەترین کێشە لە گواستنەوەی دروست بووە، لەبەر ئەوەی کارگێری یانەکە بەبێ ئاگاداری راهێنەرەکەیان گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ کردووە.

بۆ ئەم یارییە گومان لە بەشداری کردنی عەلی رەزا بیرانوەند گۆڵپارێزە کوردەکەی پێرسپۆلیس دەکرێت، ئەویش بە هۆی ئەو پێکانەی بەم دواییە تووشی بووە.

لەلایەکی دیکەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ پاشای چامپیۆنزلیگی ئەوروپا، ئەمجارەیان لە پاڵەوانتیەکی نوێ ئەزمونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە.

یانەی نەسڕی سعودی لەم دوو وەرزەی دواییە دیارترین ئەستێرەکانی جیهانی گواستووەتەوە ریزەکانی و هەموو ئامانجیشیان بەدەستهێنانی زۆرترین ناسناوە.

یانە سعودیەکە لە هێلی پێشەوە خاوەنی دوو لە مەترسیدارترین هێرشبەرەکانی جیهانە، ئەوانیش کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سادیۆ مانێن.

ئەو دوو هێرشبەرەی نەسڕ ئەم وەرزە سەرکردایەتی یانەکەیان کردووە و لە کۆی شەش یاریی خولی رۆشن 13 گۆڵیان کردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەیان گرتووە.

هەردوو یانە پێشتر سێجار لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە. لەم سێ یارییە پێرسپۆلیس دوو بردنەوە و نەسڕ بردنەوەیەکی هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button