بازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

پاریس سانجێرمان پێنج یاریزانی ریال مەدرید دەکاتە ئامانج

خلێفی تۆڵە لە ریال مەدرید دەکاتەوە

یاریگا –

یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی، پێنج ئەستێرەی دیاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکاتە ئامانج.

لە هەموو مێرکاتۆیەک چیرۆکی پەیوەندیکردنی کیلیان ئێمباپێ بە ریال مەدرید دێتە ئارا، بەڵام ئەمجارەیان پاریسییەکان خۆیان بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادەکردووە.

لە ساڵی 2017 تا ئێستا ناسر خلێفی، هەموو هەوڵێکی داوە بۆ پارێزگاریکردن لە تواناکانی ئێمباپێ، بەڵام سەرجەم ئەگەرەکان باس لەوە دەکان ئەم وەرزە کۆتا وەرزی کیلیان دەبێت لە سانجێرمان، هاوینی داهاتوو بەرەو مەدرید گەشت دەکات.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ناسر خلێفی بۆ تۆڵەکردنەوە لە ریال مەدرید، پێنج ئەستێرەی سەرەکی یانەکەی کردووەتە ئامانج، دەیەوێت لە کاتی لەدەستدانی کیلیان ئێمباپێ، گرێبەستیان لەگەڵدا واژۆ بکات.

بەپێی سەرچاوە ئیسپانییەکە هەریەکە لە یاریزانان ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ، چوامینی، ڤالڤێردی و کاماڤینگا ئەو یاریزانانەن لەلایەن سانجێرمانەوە کراونەتە ئامانج.

گواستنەوەی ڤینی و رۆدریگۆ لە پێشینەی کارەکانی پاریس دەبن، ئێستا هەردووکیان دوو لە باشترین باڵەکانی سەر هەسارەکەن، بەڵام دەستلێنەدراون، بەڵام ئەگەر ئۆفەرێکی زەبەلاح بە مێرێنگی بگات هەموو ئەگەرێک کراوە دەبێت.

پێدەچێت راستەقینەترین بژاردە بۆ پاریس سانجێرمان رۆدریگۆ بێت، چوونکە رۆیشتنی ڤینیسیۆس لە یانەکە مەحاڵە، مەدرید بڕە پارەیەک دەستبەرداری ئەو یاریزانەی نابێت.

لە لایەکی دیکە بەهۆی رۆیشتنی مارکۆ ڤێراتی، تیپەکەی لویس ئینریکی پێویستی بە شوێنگرەوە دەبێت، چوامینی، ڤالڤێردی و کاماڤینگاش بژاردەی دڵخوازی پاریسن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لە هاوینی داهاتوودا.

بەڵام گرفتی گەورە لە بەردەم خلێفیدا ئەوەیە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هەریەکە لەو یاریزانانە کەمتر نییە لە 750 ملیۆن یۆرۆ، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ پارێزگاریکردن لە ئەستێرەکانی و هیچ یانەیەک ناتوانێت بە ئاسانی پێیان بگات.

بابەتی زیاتر

Back to top button