تێنس

کارلۆس ئالکاراز ماڵئاوایی لە گراند سلامی ئەمریکا کرد

یاریگا

کارلۆس ئالکاراز تێنسزانی لاوی ئیسپانی و پێشەنگی ریزبەندی باشترین تێنسزانانی جیهان تووشی دۆران بوو و ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتی تێنسی کراوەی ئەمریکای کرد.

تێنسزانە ئیسپانیەکە دوای ئەوەی توانی ناسناوی گراند سلامی رۆلان گارۆس بباتەوە، ئەمجارەیان بە هیوای بەدەستهێنانی دووەم گراند سلامی لەسەر یەک لە ئەمریکا بەشداری کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

ئالکاراز خۆی گەیاندە قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانتیەکەی ئەمریکا کە دوایین گراند سلامی ساڵە، لەو قۆناغەش رووبەڕووی دانیێل مێدڤێدێڤ تێنسزانی رووسی و پۆڵینی سێیەمی پاڵەوانتیەکە بووەوە.

سێتی یەکەمی یارییەکە هەردوو تێنسزانی رکابەرییەکی بەهێزیان کرد و دواجار تێنسزانە رووسیەکە توانی ئەم سێتە بە ئەنجامی 7.6 لە رکابەرە لاوەکەی بباتەوە.

سێتی دووەم چاوەڕێ دەکرا ئالکاراز کاردانەوەیەکی باشتری هەبێت، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەکان ئەمجارەیان مێدڤێدێڤ بەبێ هیچ ئەستەمیەک توانی ئەم سێتەش بە ئەنجامی 6.0 لە رکابەرەکەی بباتەوە.

ئالکاراز دوای دۆڕانی دوو سێتی لەسەر یەک بێ هیوا نەبو و لە سێتی سێیەم دواجار توانی براوە بێت، کاتێک ئەم سێتەی بە ئەنجامی 6.3 لە رکابەرە رووسیەکەی بردەوە و هیواکانیشی بۆ خۆی گەڕاندەوە.

کۆتا جار لە سێتی چوارەم دانیێل مێدڤێدێڤ گەڕایەوە و توانی ئەم سێتەش بە ئەنجامی 3.6 لە ئالکاراز بباتەوە لە ماوەی سێ کاتژمێر و 18 خولەک یارییەکەی یەکلایی کردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی.

مێدڤێدێڤ لە یاریی کۆتایی رووبەڕووی نۆڤاک جۆکۆڤیچ تێنسزانی سڕبی دەبێتەوە، تێنسزانە رووسیەکە دوایینجار لە یاریی کۆتایی گراند سلامی ئەمریکای 2021 رووبەڕووی جۆکۆ بووەوە و ئەو کات توانی یارییەکە بە ئەنجامی 0.3 بباتەوە و ناسناوەکەشی بردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button