راپۆرتی تایبەتگرنگترین

”هازارد دڵی لە تۆپ و لاکێشەی سەوز شکاوە و ناگەڕێتەوە”

ئێدین هازارد چیتر نایەوێت هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەو وەرزشەدا بکات، کە لە لووتکەدا دڵی شکاند

Yariga App

یاریگا –

ئێدین هازاردی بەلجیکی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن و بڕیاری کۆتایی خۆی داوە.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، هازارد لە MLS، سعودیە، ئینگلتەرا، ئیسپانیا، فەڕەنسا و تەنانەت سکۆتلەندایش ئۆفەری سەرنجڕاکێشی بۆ هاتووە، بەڵام هەموو ئۆفەرەکانی رەتکردووەتەوە.

ئێدین هازارد ئەو یاریزانەی سەردەمانێک بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ئەوروپا دادەنرا، نزیکە لە کۆتاییهێنان بە ژیانی وەرزشی خۆی و ماڵئاواییکردن لە لاکێشەی سەوز.

دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، پێشبینی دەکرا هازارد ببێت بە باسێکی گەرمی ئەم مێرکاتۆیە، هەرچەندە بەهۆی پێکانە زۆرەکانی گومانەکان کاڵتر دەبوونەوە، بەڵام نرخی یاریزانەکە هۆکارێی گرنگە تا یانەکان چاوی تێبڕن.

ئینتەر مەیامێ ئەمریکی نزیکترین یانەبووە لە یاریزانەکە، دەیڤد بێکهامی هاوخاوەنی یانەکە هەوڵێکی زۆریداوە بۆ گواستنەوەی ناوبراو، بەڵام وەڵامی یاریزانەکە بەردەوام نەخێر بووە.

یانەی لیلی فەڕەنسیش یەکێکە لەو یانانەی هەوڵی گواستنەوەی هازاردی داوە، کە ئێدین لەم یانەیەوە دەستی بە یاریکردن کردووە، لە ئینگڵتەڕاش کریستاڵ پاڵاس ئارەزووییەکی زۆری بۆ گواستنەوەی ئەستێرە بەلجیکییەکە هەیە.

جیا لەوەی سعودییەکانیش بە پێشکەشکردنی پارەیەکی زۆر هەوڵی راکێشانی سەرنجی یاریزانە تەمەن 32 ساڵانییەکەیان داوە، ئەمە جیا لەوەی لە ئیسپانیا و سکۆتلەندایش هەوڵێکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی دراوە.

بەڵام بەردەوام وەڵامی ئێدین بۆ سەرجەم ئۆفەرەکان نەرێنی بووە، یاریزانەکە بەجۆرێک بێهیوا بووە، هیچ شتێک قەناعەتی پێناکات کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن. کەسە نزیکەکانی باس لەوە دەکەن هازارد لە رووی دەروونیشەوە چیتر وزەی ئەوەی نییە لە جیهانی تۆپی پێ بەردەوامی بە یاریکردن بدات.

راستییەکی تاڵ

لە هاوینی 2019 ئێدین هازارد پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، کە ئەوکات وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی سەر هەسارەکە رووی لە ریال مەدرید کرد، کە تازە نازناوی یۆرۆپالیگی لەگەڵ چێڵسی بەدەستهێنابوو.

هەر لەگەڵ بلوز دوو جار نازناوی پرێمەرلیگ، جارێک نازناوی کاراباو کەپ، جارێک نازناوی جامی یەکێتی ئینگڵتەڕا و دوو جاریش پاڵەوانی یۆرپالیگ بوو. لەسەر ئاستی تاکە کەسیش کوڕە بەلجیکییەکە لە ساڵی 2015 توانی نازناوی باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت.

بەڵام نەیتوانی لە بێرنابیۆ ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکەش بکات، هەرزوو پێکانی یەک لەدوای یەک بەرۆکی یاریزانەکەی گرت و خۆری ژیانی پیشەگەری بەرەو ئاوابوون برد. ریال مەدرید نزیکەی 115 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی یاریزانەکە خەرجکرد، بەڵام هازارد تەنیا بەشداری 76 یاریکرد و تەنیا خاوەنی 7 گۆڵیشە بە درێسی یانەکە.

ئەمەش ئارامی لە مێرێنگی بڕی، یانەکەی ناچارکرد لەم هاوینە و وەزێک بەر لە کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، پەنا ببەنە بەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوانیان و هازارد بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ریال مەدرید کرد.

ئێستا سەرەڕای ئەوەی لە کیشوەرەکانی ئەوروپا، ئاسیا، ئەمریکایشەوە ئۆفەر بۆ گواستنەوەی پێشکەشکراوە، بەڵام ئێدین دڵی لە تۆپ و لاکێشەی سەوز شکاوە و چیتر نایەوێت هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەو وەرزشەدا بکات کە لە لووتکەدا دڵی شکاند و کۆتایی بە خەونە گەورەکانی هێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button