ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بۆچی یاریزانانی ریال مەدرید بەشێوەیەکی نائاسایی تووشی پێکان دەبن؟

یاریگا –

شەکەتی ماندوو بوون هۆکارێکی پێکانە یەک لەدوای یەکەکانی یاریزانانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە.

ریال مەدرید لەم وەرزە بە سەرەتایەکی باش دەستیپێکردووە بە جۆرێک لە سێ یاری سەرەتای وەرزی نوێی لالیگا لە دەرەوەی یاریگای خۆی سێ سەرکەوتنی بەدوای یەکی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە.

جیا لەوەش جود بێڵینگهامی ئینگلیزی و ئەستێرەی نوێی تیپەکە بووەتە شازادەیەکی نوێی یانەکە، بەخێرایی خۆی لەگەڵ مێرێنگی گونجاندووە و لەهەر سێ یارییەکەدا گۆڵی کردووە. هەموو ئەمانە ئاماژەی باشن، بەڵام زۆربوونی رێژەی پێکان لە تیپەکەدا، نیگەرانی و ترسی خستووەتە نێو ماڵی یانەکە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئاس، لەم وەرزەی لالیگا زۆرترین یاریزانی ریال مەدرید تووشی پێکان بوون، بەشێوەیەک لەدوای تەنیا سێ یاری 6 یاریزانی یانەکە بەهۆی پێکان لە یاریکردن دابڕاون.

لە دوای ریال مەدرید، هەریەکە لە یانەکانی سێڤییا و ئاتلێتیک بلباویش یەکی 4 یاریزانیان بەهۆی پێکان لەدەستداوە، رایۆ ڤایکانۆ و گراناداش تاکە دوو یانەن تا ئێستا هیچ یاریزانێکیان دووچاری پێکان نەبووە.

لە ریال مەدرید تیبۆ کۆرتوا و ئێدێر میلیتاو بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ لە زۆرینەی وەرزەکە بێبەش دەبن، ماوەی دابڕانی دانی سێبایۆس، ئاردا گولەر، فێرلان مێندی و ڤینیسیۆس جونیۆریش مانگێک دەبێت.

ئەم پێکانە زۆرانەی یاریزانانی یانە ئیسپانییەکە پرسیاری ئەوەی لای هاندەران درووستکردووە، کە بۆچی بەشێوەیەکی نائاسایی یاریزانەکانی تیپەکە یەک بەدوای یەک تووشی پێکانی سەخت دەبن.

هەر لەو بارەیەوە رۆژنامەی ئاس ئاشکرای کردووە، ئەنتۆنیۆ پینتوسی راهێنەری تونای جەستەیی هۆکارێکە بۆ پێکانە زۆرەکانی یاریزانانی یانەکە، بەهۆی ئەوەی یاریزانانی تیپەکەی زیاد لە پێویست ماندوو کردووە، بەردەوام مەشقی چڕ و پڕ بە یاریزانان دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی ماندوو بوون و شەکەت بوونیان، کە لە ئەنجامدا دووچاری پێکانی جۆراو جۆر دەبن.

جیا لەوە هۆکارێکی دیکەیش بۆ قەرەباڵەخی خشتەی یارییەکان و زۆری یاریکردن دەگەڕێتەوە، کە یاریزانان لە سەرتاسەری جیهان گلەیی لە زۆری ژمارەی یارییەکان دەکەن و بە هۆکارێک بۆ ماندوو بوون و تووشبوون بە پێکانی دەگەڕێننەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button